ئێران بڕیاریداوە خەڵاتێکی گەورەی ئەوکەسە بکات کە ساڵی ڕابردوو لەویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا هێرشیکردەسەر سەلمان ڕوشدی نوسەری کتێبی "ئایەتە شەیتانییەکان"، لای خۆیشییەوە سەرۆکی تۆڕی جێبەجێکردنی فەتوای ئیمام خومەینی ڕایگەیاندوە، ئەوکەسە خەڵاتێکی گەورە دەکرێت.
ئاوێنە: بەگوێرەی پێگەی "ئیران ئینتەرناشیۆناڵ" محەمەد ئیسماعیل زارعی سەرۆکی تۆڕی جێبەجێکردنی فەتوای ئیمام خومەینی ڕایگەیاندوە، "هادی مەتەڕی ئەنجامدەری هێرشەکەی سەر سەلمان ڕوشدی نوسەری کتێبی "ئایەتە سەیتانییەکان" زەوییەکی بەپیتو گرانبەهای لەئێران پێشکەشدەکرێت".
چاودێران باس لەوەدەکەن، خەڵاتکردنی مەتەڕ لەسەر ئەوکارە، ئەو گومانانە زیاتر دەکات کە دەڵێن ئێران دەستی لەهاندانی ئەو گەنجە بەڕەچەڵەک لوبنانییە بۆ پەلاماردانی ڕوشدیدا هەبوە، کە مانگی ئابی ساڵی ڕابردوو لەکاتی وتارێکدا لەپەیمانگهی ئادابی نیویۆرک کرایەسەریو بەهۆیەوە چاوێکی لەدەستداو دەستێکی توشی پەککەوتن هات، هەرچەندە لەکاتی خۆیدا تاران بەفەرمی ڕەتیکردەوە دەستی لەو پەلاماردانەدا هەبوبێت.
زارعی لەبارەی خەڵاتەکەوە وتویەتی:"وەک ڕێزێک بۆ ئەم گەنجە بوێرە کە هێرشیکردەسەر ڕوشدی، هەزار مەتر چوارگۆشە زەویی بەپیتو بەنرخی کشتوکاڵیی پێبەخشراو لەمەراسیمێکی تایبەتدا ڕادەستی خۆی یان نوێنەرە یاساییەکەی دەکرێت".
هەروەک وتویەتی:"سوپاسی مەتەڕ دەکەینو بەڕاستی کارێکی ئازایانەی ئەنجامداوە"، جگەلەوەی خۆشحاڵی خۆشی پیشانداوە کە بەهۆی ئەوکارەوە ڕوشدی چاوێکی لەدەستداوەو یەکێک لەدەستەکانی پەکیکەوتوە.