وەزارەتی پلاندانانی عێراق: حكومەت بە نیازە لە ئەمساڵدا سەرژمێری دانیشتوان ئەنجام بدات
  2023-03-02       488       

وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایگەیاند، حكومەتی بەنیازە لە ماوەی ئەمساڵدا سەرژمێری دانیشتوان ئەنجام بدات. دەشڵێت، "بۆ ئەو مەبەستە پێویستیان بە 130 هەزار کارمەندی پەروەردەیی هەیە".

ئاوێنە: عەبدولزەهرا هنداوی وتەبێژی وەزارەتی پلاندانان رایگەیاند، وەزارەتەکەیان کار لەسەر داڕشتنی پلانێکی یەکگرتو دەکات بۆ جێبەجێکردنی قۆناغەکانی سەرژمێری دانیشتوان.

ئاماژەی بەوەشدا، حکومەت بەنیازە لەماوەی ئەمساڵدا سەرژمێری دانیشتوان بەڕێوەبچێت. وتیشی، لەئێستادا کاردەکەن بۆ بەڕێوەچونی سەرژمێری دانیشتوان.

ئەوەشی خستەڕو، وەزارەتی پلاندانان پێویستی بە دابینکردنی 130 هەزار ئامێری ئەلیکترۆنی (تابلێت) هەیە کە لە جێبەجێکردنی سەرژمێرییەکەدا بەکاردەهێنرێن.

وتەبێژی وەزارەتی پلاندانان ئەوەشی ئاشکرا کردوە، پێویستییان بە 130 هەزار کارمەندی پەروەردەیی هەیە بۆ بەڕێوەچونی سەرژمێری دانیشتوانی وڵات.

باسی لەوەشکرد، "پێویستمان بە دامەزراندنی ناوەندێکی نیشتمانی یەکگرتو هەیە بۆ کۆکردنەوەی زانیارییەکان، بە هاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی پەیوەندییەکان و لەئێستاشدا کارکردن بەردەوامە بۆ جێبەجێکردنی ئەم بابەتە بەپێی ئەو ماوانەی پلان بۆ داڕێژراون لەماوەی ئەمساڵدا".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×