"پاکنەکردنەوەی خاشاک و دزینی سەرەمەنهۆڵ هۆکاربون بۆ لافاوەکەی سلێمانی"
  2023-03-10       481       

بەقسەی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، هۆكاری سەرەكی لافاوەکەی درەنگانی شەوی 8/9ی ئەم مانگە لە شاری سلێمانی، بۆ "کەموکوڕی" لە پاککرنەوەی خاشاکی شارەکەو "دزینی" سەرەمەنهۆڵی ئاوەڕۆ دەگەڕێتەوە.

ئاوێنە: بەرزان شێخ محەمەد، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "دروستبونی لافاوەکەی سلێمانی بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە، لەسەرو هەمویانەوە، خەرجنەکردنی پارەیە بۆ کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت کە پاککردنەوە و چاکكردنەوەی مەنهۆڵەكانی پارێزگاکەیان لە ئەستۆدایە."

وتیشی"جگە لەوەش بەهۆی خراپبونی دۆخی داراییەوە چەندین سەری مەنهۆڵ دزراون."

هەروەها هۆشداریداو وتی، "من دڵنیام سلێمانیش وەک هەولێری لیدێت لەڕوی دروستبونی لافاوەوە."

بەهۆی بارینی بارانی بەخوڕەوە لە شەقام و چەند گەڕەکێکی پارێزگای سلێمانی لافاو دروست بو. لافاوەکە جگە لە زیانی ماددی بە چەند ئۆتۆمبێل و ڕوخانی دیواری قوتابخانەیەک و چونە ژورەوەی ئاو بۆ ناو ماڵان لە چەند گەڕەکێک هیچ زیانێکی گیانی نەبو.

جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی وتیشی"ئێمە وەکو چاودێرێک لە ئەنجومەنی پارێزگا کە چاودێری بارودۆخی سلێمانی و فەرمانگەکانی دەکەین، هۆکاری ئەو لافاوە ئەوەیە لەم دو ساڵەی دواییدا پاککردنەوەی سلێمانی لە ئەستۆی کەرتی تایبەتدا بوە، کەرتی تایبەت هەمیشە وەکو پێویست پارەکانیان نادرێت و وەک دەزانرێت چەند جارێک کاریان ڕاگرتوە."

هەرچەندە پێشتر بەرپرسانی شارەکە دەیانوت، سلێمانی سیستمێکی ئاوەڕۆی زۆر باشی هەیە، بە ڕادەیەک ئەگەری ڕوودانی لافاو دورە لەم شارە، بەڵام جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی وتی"سلێمانیش شارێکە بەردەوام گەڕەکەکانی لە زیادبوندایە. کاتی خۆی ئاوەڕۆ سەرەکییەکان بۆ شارێک کراوە کە 200 هەزار کەس تێیدا بژی، سەرەڕای ئەوەی وەکو پێویست پاک ناکرێتەوە و چاکسازی تێیدا ناکرێت."

لە سەرەتای وەرزی بارانبارینی ساڵی ڕابردو بەهۆی دروستبونی لافاوەوە لە پارێزگای هەولێر جگە لە زیانی ماددی بە چەندین ماڵ دوانزە هاوڵاتیش خنکان، ساڵانە لە کاتی هاتنی وەرزی بارانبارین هەمان مەترسی یەخەی پارێزگای هەولێر دەگرێتەوە، بەهۆی نەبونی سیستمی ئاوەڕۆی گونجاو .

جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی گومانی نییە ئیتر ساڵانە هەمان "مەترسی دروستبونی لافاو" بەرۆکی سلێمانی و هاوڵاتیانی پارێزگاکە دەگرێتەوە.

لەوبارەیەوە وتی"من دڵنیام وایلێدێت، واتە وەکو دوێنێ شەوی سلێمانی کە لە چەند شوێنێکەوە گرفت هەبو من لەو باوەڕەدام تێچویەکی زۆری ویست هەتا توانیان ڕێگەیەک بۆ خەڵک بکەنەوه لە دروستبونی ئەو لافاوە،‌ بەڕاستی کە کارێک لە وڵاتی ئێمەدا دەکرێت بەدواداچون کەمە، ئەوە بەدواداچونی ئەنجومەنی پارێزگا نییه،‌ بەڵکو بەدواداچونی ئەو فەرمانگەیەیە کە پاکوخاوێنی شاری لە ئەستۆدایە."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×