لیوا یەحیا رەسوڵ: هێڵی سورمان نیە
  2023-03-10       673       

لیوا یەحیا رەسوڵ وتەبێژی فەرماندەیی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق ئەمڕۆ هەینی رایگەیاند، لەسەر راسپاردەی محەمەد شیاع سودانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان بەدواداچون بۆ هەمو ئەو کەسانە دەکرێت کە لە پارێزگای دیالە لەلایەن دادگاوە داواکراون، هیچ هێڵی سوریش لەسەر هیچ کەسێک نیە و ئەوەی تۆمەتباربێت دەدرێتە دادگا.

ئاوێنه‌: لیوا یەحیا رەسوڵ لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بەپێی ڕێنماییەکانی محەمەد شیاع سودانی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان و سەرۆک وەزیرانی عێراق، دوای کۆبونەوەی لەگەڵ فەرماندە ئەمنییەکان لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی دیالە بۆ پێداچونەوە بە دۆخی ئەمنی دوای ئەو پێشێلکارییانەی کە رویاندا، هێزێکی تایبەت لەئێستادا رەوانەی ئەو پارێزگایە کراوە.

وتیشی، "هێڵی سور لەسەر هیچ کەسێک دانەنراوە، هەروەها هەر کەسێکی ناودار یان کەسایەتیەک ئەگەر داواکراو بێت و فەرمانی دادوەری هەبێت، لێپێچینەوەی لەگەڵ دەکرێت، هیچ کەسێکیش لە سەروی یاساوە نابێت، هەروەها کاری ئەمنی بەهێزتر دەکرێت بە ئەنجامدانی پشکنین و بەدواداچون و هەڵمەتی زیاتر". 

لیوا یەحیا رەسوڵ باسی لەوەشکردوە، "لە ئێستادا دەزگا ئەمنییەکانی سوپا، فیرقەی هێزە تایبەتەکان، بەرپەرچدانەوەی خێرا، وەزارەتی ناوخۆ، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی دیالە، دەزگا هەواڵگرییەکان بە درێژایی کات سەرقاڵن بۆ جێبەجێکردنی ئەو فەرمانانە، بە هەماهەنگی و سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی لەلایەن فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانەوە".

وتەبێژی فەرماندەیی گشتی هێزە چەکدارەکان ئەوەشی ئاشکراکرد، یەکەکان دەستیان بە کارێکی گەورە کردوە بۆ سەپاندنی ئاسایش و دەستگیرکردنی داواکراوان، و بەردەوام دەبن لە ئامادەبون بۆ سەپاندنی ئاسایش و ڕێکوپێکی و بەدواداچون بۆ کەسانی داواکراو.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە پارێزگای دیالە ئەمڕۆ هەینی رایگەیاند، دوای گەیشتنی هێزێکی تایبەت لە بەغداوە بەمەبەستی کۆنتڕۆڵکردنی بارودۆخی ئەمنی پارێزگای دیالە، لە ماوەی سێ کاتژمێردا شەش داواکراو لەو پارێزگایە دەستگیرکراون.
 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×