عەلی ڕازی سامر وتەبێژی وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق ڕایگەیاندوە، لەسییەکانی سەدەی ڕابردوەوە دۆخی عێراق لەڕوی ئاوەوە بەو ئەندازەیەی ئەمساڵ سەخت نەبوە.
ئاوێنه: ڕازی لەلێدوانێکی تەلەفزیۆنیدا وتویەتی، "دۆخی ئاویی عێراقو بەدیاریکراوی ئاوی عەمبارکراو لەدۆخێکی زۆر خراپدایە، بەوپێیەی ئاستی داکردنی ئاو بەشێوەیەکی ئێجگار گەورە کەمیکردوە".
ڕونیشیکردۆتەوە، تێکرای ئاوی داکراو لەئێستادا لەنێوان 7و 7.5 ملیار مەتر سێجادایە، لەکاتێکدا لەساڵی 2020 لەنێوان 55 بۆ 60 ملیار مەتر سێجادابوو.
وتەبێژی وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق ڕونیکردۆتەوە، هۆکارەکانی کەمبونەوەی ئاوی عەمبارکراو بریتییە لەهاتنی چەند وەرزێکی کەمبارانیو کەمبونەوەی ئەو بڕە ئاوەی لەوڵاتانی دراوسێوە دێتە ناو عێراق، ئەوە جگە لەبەرزبونەوەی پلەکانی گەرماو گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا، کە هەمویان کاریگەرییان هەبوە لەسەر کەمبونەوەی داهاتە ئاوییەکان.
ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەمساڵ لەڕوی عەمبارکردنی ئاوەوە زۆر سەختەو دەکرێت بوترێت لەسییەکانی سەدەی ڕابردوەوە هیچ ساڵێک عێراق بەوشێوەیە بێئاویی نەبوە.
لە5ی ئادارو بەگوێرهى ڕێککەوتنی نێوان شاندی عێراقو تورکیا، لەتورکیاوە ڕۆژانە 900 مەتر سێجا ئاو لەچرکەیەکدا لەڕێگهی هەردوو ڕوباری دیجلەو فوڕات بۆ عێراق بەردەدرێتەوە، واتە عێراق ڕۆژانە 77.76 ملیۆن مەتر سێجا ئاو وەردەگرێت.
شارەزایان دەڵێن، ئەگەربێتو تاوەکو کۆتایی ساڵ تورکیا بەو شێوەیە ئاو بۆ عێراق بەرداتەوە، ئەوە تێکڕای عەمباری ئاویی عێراق دەگاتە 28.4 ملیار مەتر سێجا، کە ئەوە هێشتا لەعەمباری ئاوی ساڵی 2021 کەمترە کە بڕەکەی 31 ملیار مەتر سێجا بوو.