لوقمان وەردی: هەنگاوی باشمان ناوە بۆ گەیشتن بە رێككەوتنێكی گشتگیر لەسەر یاسای هەڵبژاردن
  2023-03-13       327       

ئەمڕۆ لیژنەی هونەریی پێنج لایەنەكە بۆ نوسینەوەی هەمواری یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە بارەگای بەشی هەڵبژاردنی پارتی كۆبونەوە. لوقمان وەردی، جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان لەدوای كۆبونەوەكە وتی"هەنگاوی باشمان ناوە بۆ گەبشتن بە رێككەوتنێكی گشتگیر لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردن."

ئاوێنە: لوقمان وەردی لە دوای كۆبونەوەكە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتی"لە كۆبونەوەیەكی چەند سەعاتیدا گفتوگۆیەكی وردمان لەسەر تەواوی بڕگەو ماددەكانی هەمواری یاسای هەڵبژاردن كرد، ئەتوانم بڵێم تێڕوانینی زۆر هاوبەش هەبو، كۆمەڵێك هەنگاوی باشمان بۆ پێشەوە ناوە بۆ ئەوەی بتوانین رێككەوتنێكی گشتگیر لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردن بكەین."

وتیشی"هەمو لایەنەكان سورین لەسەر ئەوەی كە هەوڵبدەین بەزوترین كات، رەشنوشی هەمواری یاسای هەڵبژاردن تەواو بكەین و ئاڕاستەی پەرلەمانی كوردستانی بكەین."

جەختیشی كردەوە"خۆشبەختانە خاڵی هاوبەشمان زۆر زۆر زیاترە لەو خاڵانەی كە ناكۆكی و تێڕوانینی جیاوازییان لەسەرە."

لوقمان وەردی وتیشی"لە رۆژانی ئایندەشدا كۆبونەوەكانمان بەردەوام دەبن بۆ ئەوەی بتوانین لە نزیكترین دەرفەتدا رەشنوسی هەمواری یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان تەواو بكەین و ئاڕاستەی پەرلەمانی كوردستانی بكەین."

ئەوەشی وەبیرهێنایەوە كە پێشتر ئەو پێنج لایەنە كە لە پارتی، یەكێتی، یەكگرتو، كۆمەڵ و بزوتنەوەی گۆڕان پێكهاتون، رێككەوت لەسەر ئەوەی كە هەرێمی كوردستان بكرێتە چوار بازنەی هەڵبژاردن بەپێی پارێزگاكان، داتای بایۆمەتری دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق بكەنە بنەمای نوێكردنەوەی تۆماری بایۆمەتری، داتا و ئاماری حكومەتی فیدراڵ بەكاربهێنن بۆ دابەشكردنی كورسی بەسەر بازنەكانی هەڵبژاردندا.

وتیشی"هەمومان جەختمان لەوە كردۆتەوە كە لەمساڵدا هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت."

ئاماژەی بەوەشدا كە لە كۆبونەوەی ئەمڕۆ بابەتی كورسی پێكهاتەكان باس نەكراوە، چونكە "ئەو بابەتە، بابەتێكە كە هێشتا كاتمان پێویستە بۆ ئەوەی گفتوگۆی لەسەر بكەین و رای لایەنەكان وەربگرین."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×