وەزیری پێشوی دارایی عێراق: ئەو تۆمەتانە رەتدەكەوە كە لەسەر دزیی سەدە دراونەتە پاڵم
  2023-03-13       424       

دوای ئەوەی لە پەیوەست بە لێكۆڵینەوەكانی دزیی سەدە فەرمانی دەستگیركردن بۆ وەزیری پێشوی دارایی عێراق لەگەڵ دەستبەسەرداگرتنی پارەكانی دەرچو، ئەو ئەمڕۆ دوشەممە، لە راگەیەندراوێكدا دەڵێت، ئەو تۆمەتانە پوچن و رەتیاندەكەمەوە.

ئاوێنە: عەلی عەلاوی، وەزیری پێشوی دارایی عێراق، لە راگەیەندراوێكدا وتی"هەفتەی پێشوی زنجیرەیەك فەرمانی دادگا لە دژم دەرچون، لەوانە دەستبەسەرداگرتنی پارەی گوازراوەو نەگوازراوەم و دەستگیركردنم ئەوەش لە پەیوەست بە (دزی سەدە)و بەتۆمەتی (ئاسانكاری بۆ دەستبەسەرداگرتنی پارەكانی سپاردەكانی باج)، هیچ زانیارییەكی وردم نییە لەبارەی ئەوەی ئەو تۆمەتانە پشتیان بەچی بەستوە، لەسەرەتاوە ئەو هەواڵانەم لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە بیستن نەك لە سەرچاوەی رەسمییەوە."

ئەوەشی خستۆتەڕو، دواتر "رونبوەوە كە فەرمانی دەستبەسەرداگرتنی پارەكانم، لە 2ی شوباتی 2023 لەلایەن ئەنجومەنی باڵای دادوەرییەوە نێردراوە بۆ وەزارەتی دارایی، واتە یەك مانگ بەرلەوەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە بیبیستم."

جەختیشی كردۆتەوە كە "فەرمانی دەستگیركردنم نەبراوەتەوە ماڵەكەم لە بەغدا یان هەر ئەدرەسێكی تری من."

وتوشیەتی"ئەم رێكارانەی دادگا، شۆكهێنەرن..بەڕەهایی ئەو تۆمەتانە رەتدەكەمەوە كە دراونەتە پاڵم و هیچ بنەمایەكی راستیان نییە."

هەروەها ئاماژەی بەوەشداوە "من ئێستا تۆمەتباركراوم بەو تاوانانەی كە چەندین ساڵ كارم كردوە بۆ ئاشكراكردن و بەرەنگاربونەوەیان."

وەزیری پێشوی دارایی وتوشیەتی"گومان دەكەم هەڵەی زۆر گەورە لە پڕۆسەی لێكۆڵینەوەدا رویدابێ و من كراومەتە قۆچی قوربانی تۆمەتێك كە تەواو بێبەریم لێی و ئامانج لەوەش شاردنەوەی دزە راستەقینەكانە."

هەروەها ئەوەشی وتوە"ئەم تۆمەتە پوچانە بەهیچ شێوەیەك قبوڵ ناكەم، ئەو تەمەنەی ماومە تەرخانی دەكەم بۆ ئاشكراكردنی لێكەوتەكانی دزیی سەدە."

بە بڕوای عەلی عەلاوی، لەم بارودۆخەدا، ناتوانرێت لە عێراق "دادگاییەكی عادیلانە" بەڕێوەبچێت و وتوشیەتی"چوارچێوەو قەبارەو ئاڵۆزی دزیی سەدەو ڕەهەندە سیاسییەكانی پێویستی بە پێكهێنانی دادگایەكی نێودەوڵەتی بۆ لێكۆڵینەوە لەم بابەتە."

زۆرترین بینراو
© 2023 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×