حكومەتی هەرێم لەسەر موچەی فەرمانبەران ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە
  2023-03-15       1178       

مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، دوای سەرپەرشتیكردنی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران، رایگەیاند ئەمڕۆ سەرپەرشتی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستانمان كرد”.

ئاوێنه‌: ئاشكراشیكرد لە بڕگەی یەكەمی كۆبوونەوەكەدا، كورتەیەكمان دەربارەی ئەنجامی سەردانی دوێنێی شاندی باڵای حكومەتی فیدراڵی بە سەرۆكایەتی سەرۆك وەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سوودانی بۆ هەرێمی كوردستان خستەڕوو.

دەشڵێت: لە بارەی چەندین تەوەر، گفتوگۆیەكی ڕاشكاوانە كرا و هەستمان بەوە كرد كە سەرۆك وەزیرانی فیدراڵ، ویست و ئارەزوویەكی بەهێزی هەیە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لە سەر بنەمای دەستوور و ڕێككەوتنی لایەنەكان بۆ پێكهێنانی حكومەت.

ئاماژەی بەوەشكرد: هەروەها بە بۆنەی تەواوكردنی ڕێكارەكانی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە كە هاوكاتە لەگەڵ ساڵیادی كیمیابارانی هەڵەبجە، بە ناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، سوپاسی سەرۆك وەزیرانی فیدراڵ و حكومەتی عێراقمان كرد و هیوادارین ئەم هەنگاوە، ببێتە هۆی زیاتر بووژانەوە و ئاوەدانكردنەوەی هەڵەبجە و باشتركردنی خزمەتگوزارییەكان لەم پارێزگایە. ئاماژەمان بەوەشدا كە دوێنێش داوامان لە سەرۆك وەزیرانی فیدراڵ كردووە كە پێویستە بە پێی دەستوور، قەرەبووی بنەماڵە و كەس و كاری شەهیدان و زیانلێكەوتووانی دەستی ڕژێمی پێشووی عێراق بكرێتەوە.

راشیگەیاند “لە بڕگەی دووەمی كۆبوونەوەكەدا، دوایین هەنگاوەكانی پەسەندكردنی یاسای بودجەی گشتیی عێراق لە لایەن شاندی دانوستانی حكومەتی هەرێمی كوردستان خرایەڕوو. جەختمان لە وە كردەوە كە هەروەك چۆن لە ئامادەكردنی پڕۆژە یاسای بودجەی فیدراڵ، هەماهەنگییەكی باش لە نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵ هەبوو، پێویستە بۆ جێبەجێكردنی بڕگەكانی بودجەش، هەماهەنگیی و لەیەكتێگەیشن لە نێوان هەردوولادا هەبێت، بۆ ئەوەی یاسای بودجە بە باشی و دروستی و بەشێوەیەك جێبەجێ بكرێت كە لە خزمەتی گشت پێكهاتەكانی عێراقدا بێت.

دەشڵێت: ئەنجومەنی وەزیران، پێشوازی لە پەسەندكردنی ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای بودجەی فیدراڵ لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقەوە دەكات و بە هەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ ، میكانیزم و ڕێكاری پێویست دادەنێت بۆ ئەوەی بڕگەكانی ئەم یاسایە لە بەرژەوەندی هەرێمی كوردستان و عێراق بە گشتی، جێبەجێ بكرێت. حكومەتی هەرێمی كوردستان، داوا دەكات ئەم پڕۆژە یاسایە، لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش، لە ماوەیەكی نزیكدا پەسەند بكرێت تاكو هەرچی زووە، بخرێتە بواری جێبەجێ كردنەوە.

ئاشكراشیكرد: لە بڕگەی كۆتایی كۆبوونەوەكە، گفتوگۆمان لەبارەی بارودۆخی ئێستای دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان كراد و ڕاسپاردە و پێشنیاری پێویست سەبارەت بە چۆنیەتی زیادكردنی داهاتی گشتی خرانەڕوو، بەمەبەستی پڕكردنەوەی خەرجییەكان و دابینكردنی مووچەی مانگانەی فەرمانبەران و خانەنشینان و دابەشكردنی لە كاتی خۆیدا .

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×