راوێژكارێكی سودانی: سەرۆك وەزیران وتی "نابێ شتێك بەناوی كێشەی هەڵپەسێردراو بمێنێت"
  2023-03-15       381       

راوێژکارێکی محەمەد شیاع سودانی باس لە کۆبونەوەکانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت، سودانی لە کۆبونەوەکاندا وتویەتی، لەمەودوا نابێ شتێک بەناوی کێشەی هەڵپەسێردراو لەنێوان هەولێر و بەغدا بمێنێت.

ئاوێنە: فەرهاد عەلائەدین، راوێژکاری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە، لەبارەی سەردانەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان و کۆبونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێم، بە میدیای پارتی راگەیاند"دیدارەکان زۆر ئەرێنی بون، دەتوانین بڵێین یەکەمجارە بەمشێوەیە گفتوگۆ لەنێوان شاندی حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم و بەرپرسانی باڵای هەرێم بکرێت."

هەروەها وتیشی"سەرۆک وەزیرانی عێراق لەمیانی دیدارەکان وتی: نامانەوێت لەمەودوا شتێک هەبێت بە ناوی کێشە هەڵپەسێردراوەکان، بەڵکو دەمانەوێت ببێتە پڕۆژەو چارەسەری بەردەوام، بۆ ئەوەی خزمەتی گەلی عێراق بکرێت لە هەمو بەشەکانی عێراق، دەرکەوتەکەشی لە پڕۆژەیاسای بودجەی دەرکەوت، هەمو لایەنەکان هاوڕابون و بە رێککەوتنێکی زۆر باش بۆ هەرێم کە دەبێ لەمەودوا پشکی هەرێمی کوردستان دیاربکرێت و جێبەجێ بکرێت".

دەربارەی ئەوەی کە تاچەند لایەنەکان لە پەرلەمان لەسەر تێپەڕاندنی بودجە کۆک دەبن؟ ئەو راوێژکارەی محەمەد شیاع سودانی، وتی"ئەو رێککەوتنە هی هاوپەیمانی بەڕێوەبەردنی دەوڵەتە، کە هەمو لایەنەکانی ناو ئەو هاوپەیمانیەتییە لە پەرلەمان بەشدارن، بۆیە ئەگەر ئەو رێککەوتنە لە پەرلەمان رەنگدانەوەی هەبێت وەکو جاران کێشە روناداتەوە، پێشبینی دەکرێت بودجەکە وەکو خۆی یان بە دەستکارییەکی زۆر کەمەوە لە پەرلەمان تێپەرێنرێت".

ئاماژەی بەوەشدا: "ئەوەی کە ئێستا هەیە رێککەوتنی سیاسییە لە عێراق، دەتوانین بڵێین پەسەندکردنی بودجەی 2023 دەبێتە یەکێک لە خاڵەکانی ئەو رێککەوتنە، لە هەمانکاتدا رێککەوتنێکی دیکەی سیاسی هەیە جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی عێراق، کە لەمەودوا بەشێوەیەکی تر بڕیار دەدات، رێککەوتنەکە بۆ دەرچونی یاسایەکی تایبەتە بە دادگای فیدراڵی، هەر کاتێک یاسای نوێ دەرچو بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بە جۆرێکی دیکە دەبێت و بەپێی یاسای نوێ بڕیار دەدات."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×