وەهاب هەڵەبجەیی: لەسەرەوەی هەڕەمی دەسەڵاتی حکومەتی هەرێم بڕیاری دوبارە خنکاندنەوەی هەڵەبجە دراوە
  2023-03-16       1274       

وه‌هاب هه‌ڵه‌بجه‌یی، فەرماندەی دژه‌تیرۆری یەکێتی رایگه‌یاند، حکومەتی هەرێم بە ئاشکرا و لە سەرەوەی هەرەمی دەسەڵاتی حکومەتەکە، بڕیاری دووبارە خنکاندنەوەی هەڵەبجەی داوە، لەڕێگەی ئابڵوقە خستنەسەر و گرتنەوەی پرۆژەی ستراتیژی و راگرتنی خزمەتگوزارییەکان.

ئاوێنە: وه‌هاب هه‌ڵه‌بجه‌یی له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ده‌ڵێت: "35 ساڵ بەسەر یەکێکی دیکە لەو کارەساتانەدا تێدەپەڕێت، کە دژبەرانی مرۆڤایەتی و کورد، بەرامبەر شاری هەڵەبجە ئەنجامیاندا، ئەم ڕووداوە ئەڵقەی ناو زنجیرەیەک ڕووداو و کارەساتگەلێکی درێژ و بێ ئەنجامبوو، بۆ دەستەمۆکردن و قڕکردنی گەلی کورد".

باسی له‌وه‌شكردووه‌: "کارەساتی کیمیبارانکردنی هەڵەبجە هێندە بێبەزەییانە ئەنجامدرا، کە لە کورتمەودادا پێنج هەزار رۆڵەی بێ تاوانی ئەم نیشتیمانەی شەهید کرد و لە درێژمەوداشدا بووە هۆی سەرگەردانکردن و لێکدابڕانی هەزاران خێزان لە یەکدی، کە بەشێکیان تا ئێستاش بەردەوام سەرقاڵی گەڕانن بەدوای کەسوکاریاندا".

ئه‌وه‌شی وتووه‌: "ئەوەی لێرەدا گرنگە بوترێت، بەڵێنە بێ کردارەکانە کە هەموو ساڵ لەگەڵ نزیکبوونەوە لەم ساڵیادەدا، لەلایەن حکومەتی هەرێم و دامەزراوە فەرمییەکانی ناوەندەوە بە گوێی خەڵکی شارەکەمدا دەدرێت، تا ئێستا نەتوانراوە بەپێی پێویست خزمەت شاری شەهیدان و  بریندارەکانی کارەساتی کیمیاباران و منداڵە ونبووەکانی شارەکە بکرێت، بە ناچاری پەنا دەبرێنە دەرەوەی کوردستان و عێراق بۆ چارەسەکردنی بەشێک لە ئازارەکانی جەستەیان".

وه‌هاب هه‌ڵه‌بجه‌یی، دەشڵێت: "لێرەوە وەک رۆڵەیەکی شاری شەهیدان دەمەوێت ئەوە بڵێم، حکومەتی هەرێم بە ئاشکرا و لە سەرەوەی هەرەمی دەسەڵاتی حکومەتەکە، بڕیاری دووبارە خنکاندنەوەی هەڵەبجەی داوە، لەڕێگەی ئابڵوقە خستنەسەر و گرتنەوەی پرۆژەی ستراتیژی و ڕاگرتنی خزمەتگوزارییەکان، کە ئەم کارەی دەکرێت، هیچی کەمتر نییە لەوەی رژێمی رووخاوی بەعس دەیکرد بەرامبەر شارەکەمان".

ئەوەشی خستووەتەڕوو: "شەهیدانی هەڵەبجە لەپاڵ شەهیدانی دیکەی ڕێی ئازادی کوردستان، بوونەتە سومبولێک بۆ ڕەوایەتی دۆزی کورد لە جیهاندا و بەشێکە لە پێناسەی کورد لەناو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا، بۆیە ئەرکە کار بۆ بەرزڕاگرتن و خزمەتکردنی ئەو سمبولە بکرێت".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×