رونكردنەوەی پۆلیسی هەولێر لەبارەی كوژرانی كچێك لەلایەن برایەكییەوە
  2023-03-16       475       

پۆلسی هەولێر رایگەیاند، كچێك كە لەلایەن براكەیەوە تەقەی لێكراوەو گوللـەیەك بەر سەری كەوتوە، دوای دو سەعات لە گەیاندنی بە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە. دەشڵێت، تۆمەتباری روداوەكە دەستگیركراوە.

ئاوێنە: بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە رونكردنەوەیەكدا وتی"ئاگادار کراینەوە بەبونی روداوێکی زامدارکردن لە نەخۆشخانە، دوای گەیشتنی تیمێکی لێکۆڵەر لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر دەرکەوت کەوا کچێک بەناوی (صوره) تەمەن (28) ساڵ گوللـەیەک بەر سەری کەوتوەو زامدار بوە، لەبەر خراپی باری تەندروستی دوای دو کاتژمێر گیان لەدەست دەدات."

ئەوەشی خستۆتەڕو"دوای لێکۆڵینەوەکان و وەرگرتنی زانیاری دەرکەوت کە ناوبراو لەلایەن برایەکییەوە بەناوی (ر. س. ص.) تەمەن (32) ساڵ لە سەر کێشەیەکی خێزانی بە گوللـە لێی دەدات، هێزەکانی پۆلیس توانیان لە ماوەیەکی کەم تۆمەتبار دەستگیربکەن."

پۆلیس ئاماژەی بەوەشداوە "پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ ڕێکخراو ڕەوانەی دادگای لێکۆڵینەوەی هەولێر کرا بەمەبەستی گرتنەبەری ڕێککاری یاسایی بەرامبەر بە تۆمەتبار."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×