كلچدار ئۆغلۆ كۆتایی بە بەرەنگاربوونەوەی پە - كە - كە و گولەنییەكان دەهێنێـت
  2023-03-22       1792       


ئەمڕۆ چوارشەممە هاوپەیمانی ڕەنج و ئازادی بەبەشداری هەدەپە ڕایگەیاند بۆ هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی توركیا كاندیدیان نابێت، بەڵام ئاشكراینەكرد كە دەنگ بە كام كاندیدی سەرۆكایەتی كلچدار ئۆغلۆ یان ئەردۆغان دەدەن.

ئاوێنه‌: تا دێت نزیكبوونەوەی پارتی دیموكراتی گەلان هەدەپە كە بە لایەنی یەكلاكەرەوەی هەڵبژاردنەكانی توركیا لەنێوان هاوپەیمانی كۆمار و میللەتدا دادەنرێت، لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن زیاتر دەبێت و هەنگاوی كرداری دەنێت.

بەپێی سەرچاوە سیاسییە ئاگادارەكان لە توركیاوە، بەشێوازی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ گفتوگۆ لەنێوان هەدەپە و هاوپەیمانیی میللەتدا هەیە، لێكنزیكبوونەوەش ڕوویداوە.

بەپێی زانیارییەكان كەمال كلیچدار ئۆغلۆ زەمینەیەكی باشی بۆ نزیكبوونەوە لە كورد ڕەخساندووە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، زەمینەیەك دەتوانێت كاری هاوبەش لەگەڵ كورددا فەراهەم بكات.

هەدەپە چەند داواكارییەكی هەیە كە خۆیان لە ئاشتی و دیموكراسی و چارەسەری كێشەی كورددا دەبیننەوە، ئەوانەشی وەك مەرج داناوە بۆ ئەو لایەنەی خوازیاری دەنگەكانی هەدەپەن.

لەوچوارچێوەیەدا كەمال كلچدارئۆغلۆ كاندیدی هاوپەیمانی مییلەت و سەرۆكی جەهەپە سەردانی فراكسیۆنی هەدەپەی لە پەرلەمانی توركیا كرد.

ئۆغلۆ لەگەڵ ئوزگور ئوزەل سەرۆكی فراكسیۆنی جەهەپە، سەلین سایەك بۆكە سكرتێری گشتی جەهەپە و ئۆغوز كان سالیجی یاریدەدەری سەرۆكی گشتی جەهەپە سەردانی هەدەپەیان كرد و لەگەڵ میدحاد سانجار و پەروین بوڵدان هاوسەرۆكانی پارتی دیموكراتی گەلان هەدەپە، ئەبرو گونای وتەبێژی پارتەكە و ساروخان ئولوچ سەرۆكی فراكسیۆنی هەدەپەوە كۆبوونەوە و لە كۆبوونەوەكەدا پرسی هەڵبژاردنەكان و ڕەوشی توركیا تاووتوێكراوە.

بەپێی سەرچاوەكانی میدیای توركیا، كەمال كلچدار ئۆغلۆ پرۆژەیەكی بۆ هەمواری دەستووری توركیا ئامادەكردووە لە كاتی دەرچوونیدا لە هەڵبژاردنەكانی توركیادا، بەجۆرێك كۆتایی بە گووشار و بەرەنگاربوونەوەی پەكەكە و گولەنییەكان لە توركیا دەهێنێت.

ڕۆژنامەی یەنی شەفەقی توركی نزیك لە ئاكپارتی و دەسەڵاتی توركیا لە ڕاپۆرتێكدا نهێنی گفتووگۆكانی هەدەپە و كلچدار ئۆغلۆی ئاشكراكردووە.

بەپێی ڕاپۆرتەكە، لە كۆبوونەوەكەی نێوان كەمال كلچدار ئۆغلۆ بەربژێری هاوپەیمانی میللەت بۆ هەڵبژاردنەكان و هاوسەرۆكانی هەدەپەدا كە لە پەرلەمانی توركیا بەڕێوەچوو، ئۆغلۆ پرۆژەیەكی ئامادەكراوی بۆ هەمواری دەستوور پێشكەشی بەرپرسانی باڵای هەدەپە كردووە.

بەپێی ناوەرۆكی پرۆژەكەی ئۆغلۆ لە داهاتوودا دوای دەرچوونی لە هەڵبژاردنەكان و خستنەبواری جێبەجێكردنی پرۆژەی هەمواری دەستوورەكەوە، كۆتایی بە گووشار و بەرەنگاربوونەوەی پەكەكە و گولەنییەكان لە توركیا دەهێنرێت.

ئێستا دەوڵەتی توركیا بە تووندی بە ناوی شەڕی تیرۆرەوە ڕووبەڕووی كورد و گولەنییەكان دەبێتەوە و گووشاری زۆری لەسەر درووستكردوون.

كورد لە توركیا خەبات بۆ مافە نەتەوایەتییەكانی خۆیان دەكەن، گولەنییەكانیش هاوبەشی پێشووی ئاكپارتی بوون و دوایی ناكۆكی لەنێوانیاندا سەریهەڵداوە.

ئەردۆغان هەوڵی كودێتاكەی ساڵی 2016ی خستە ئەستۆی گولەنییەكان و لە دوای ئەوە بە توندترین شێوە ڕووبەڕوویان بوووەتەوە و لە زۆرینەی دامودەزگەكانی توركیادا پاكتاویكردوون و داوای ڕادەستكردنەوەی فەتحوڵا گولەن رێبەری گولەنییەكانیش لە ئەمریكا دەكات.

ڕۆژنامەكەی نزیك لە دەوڵەتی توركیا لە ڕاپۆرتەكەیدا ڕەخنەی لە كلچدار ئۆغلۆ گرتووە، بەوەی خوازیاری كۆتایهێنانە بە شەڕی تیرۆر، ئەویش شەڕی كورد و گولەنییەكانە.

بەپێی سەرچاوەكان، كلچدار ئۆغلۆ گۆڕانكاری گەورەی لە توركیا بە دەستەوەیە، لەوانە هەڵوەشاندنەوەی سیستمی سەرۆكایەتی توركیا كە ئەردۆغان بۆ خۆی دروستیكردووە و گەڕاندنەوەی سیستمی پەرلەمانی، هەروەها كشانەوەی سووپای توركیا لە ڕۆژئاوای كوردستان و باكووری سووریا.

لای خۆیەوە میدحات سانجار هاوسەرۆكی گشتی هەدەپە لە ڕێوڕەسمی نەورۆزی ملیۆنی ئامەدی باكووری كوردستا لەنێو سەدان هەزار ئامادەبوودا ڕایگەیاند دەبێت دەسەڵاتی ئەكەپە و مەهەپە بگۆڕدرێن.

سانجار ڕەخنەی تووندی لە دەسەڵاتدارانی توركیا لەئەنجامی بەهاناوەچوونی لێقەوماوانی بومەلەرزەكانی باكووری كوردستان گرت و ڕاشیگەیاند دەبێت دەسەڵاتی ئەكەپە و مەهەپە بگۆڕدرێت.

ڕاشیگەیاند ئەوان كۆتایی بە شەڕ دەهێنن و بەرەو كۆماری دیموكراتی هەنگاو دەنێن و سەردەكەون.

بەپێی نوێترین ڕاپرسییەكان لەبارەی هەڵبژاردنەكەی 14ی ئایاری 2023وە كەمال كلچدارئۆغلۆ بەربژێری هاوپەیمانی میللەت زۆرتر لە 53%ی دەنگەكان و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بەربژێری هاوپەیمانی كۆمار رێژەی زۆرتر لە 39%ی دەنگەكان بەدەستدەهێنن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×