ده‌نگی ئه‌مریكا: به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت له‌ هه‌رێم له‌ مه‌ترسیدایه‌
  2023-03-28       709       

به‌پێی راپۆرتێكی ده‌نگی ئه‌مریكا، بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان لە مەترسیدایە، دوای ئەوەی راگرتنی هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی تورکیاوە وایکرد ئەو کۆمپانیایانەی لە باکوری کەرکوک کاردەکەن، نەوتی خاو بگوازنەوە بۆ عەمبارکردن، لە کاتێکدا توانای عەمبارکردنیان سنووردارە.

ئاوێنە: به‌پێی راپۆرته‌كه‌، عێراق ناچار بوو شه‌وی هه‌ینی رابردوو نزیکەی 450 هەزار بەرمیل نەوتی خاوی هەرێمی کوردستانی راگرت کە لە رۆژێکدا لە رێگەی بۆرییەکی هەناردەکردنەوە لە کێڵگە نەوتییەکانی باکووری کەرکوکەوە بەرەو بەندەری جەیهانی تورکیا هەناردە دەکرا.

باسی له‌وه‌شكردووه‌، تورکیا راکێشانی نەوتی خاوی عێراقی لە بۆرییەکە راگرت دوای ئەوەی عێراق دۆسیەیەکی دادگاییەکی ناوبژیوانی بردەوە کە تیایدا رایگەیاندبوو تورکیا رێکەوتنێکی هاوبەشی پێشێل کردووە بە رێگەدان بە حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ هەناردەکردنی نەوت بۆ بەندەری جەیهان بەبێ رەزامەندی بەغدا.

کۆمپانیا نەوتییەکان کە لە ناوچەکەدا کاردەکەن، لە دۆخێکی نادیاردا ماونەتەوە، لەکاتێکدا چاوەڕێی ئەنجامی گفتوگۆ بەردەوامەکانی نێوان ئانکەرە و بەغدا و حکومەتی هەرێم دەکەن بۆ دۆزینەوەی رێگەیەک بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن.

کۆمپانیای گۆڵف کیستۆن پترۆلیۆم (GKP.L) کە کێڵگەی شایکان بە توانای 55 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا هەناردەی نەوتی خاوی هەرێمی کوردستان KRI بەڕێوەدەبات، رۆژی دووشەممە 27ی ئازاری 2023 لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، "دامەزراوەکانی توانای هەڵگرتنیان هەیە کە رێگە بە بەردەوامبوونی بەرهەمهێنان دەدەن بە رێژەیەکی کەمکراوە لە چەند رۆژی داهاتوودا، دوای ئەوەی کۆمپانیاکە بەرهەمهێنانی رادەگرێت".

هاوكات کۆمپانیای DNO (DNO.OL) و Genel Energy هاوکات لە ناوچەکەدا کاردەکەن، رایانگەیاندووە لە ئێستادا نەوت لەناو عەمبارەکاندا هەڵدەگرن، کە دەتوانێت بەرهەمی چەند رۆژێک عەمبار بکات.

ئەو دوو کۆمپانیایە پشکیان هەیە لە کێڵگەکانی تاوکێ و پیشخافور کە ساڵی رابردوو 107 هەزار بەرمیل نەوتی لە رۆژێکدا بەرهەمهێناوە.

هەروەها کۆمپانیای جێنێل پشکەکانی لە کێڵگەکانی تەق تەق و سارتا هەیە؛ بەپێی ئەنجامی ساڵانەی کۆمپانیاکە ساڵی رابردوو بە رێژەی 4500 بەرمیل و هاوکات 4710 بەرمیل لە رۆژێکدا بەرهەمهێناوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە کێڵگەی نەوتی خورمەڵە بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە؛ بەرهەمهێنان لە کێڵگەی نەوتی خورمەڵە کە لەلایەن گروپی کوردی کارەوە بەڕێوەدەبرێت، لە ئێستادا هیچ کاریگەرییەکی لەسەر نییە بە نزیکەی 135 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا بەرهەم دەهێنن و عەمباری دەکەن.

کۆمپانیای شەمەران پترۆلیۆم (SNM.V) کە یەکێکی دیکەیە لە ئۆپەراتۆرەکان، لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند: "کۆمپانیاکە لە پەیوەندییەکی نزیکدا دەمێنێتەوە لەگەڵ بەرهەمهێنەرانی دیکەی نەوت لە هەرێمی کوردستان و لەگەڵ بەرپرسانی پەیوەندیدار بە حکومەت، بەردەوامیش دەبێت لە چاودێریکردنی دۆخەکە لە نزیکەوە".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×