به‌فربارین له‌هه‌رێم ده‌ستپێده‌كاته‌وه‌و پله‌ى گه‌رماش ده‌چێته‌ ژێر سفر
  2023-03-28       605       

كەشناسێك ئاشكرایده‌كات، بارستە هەوایەكی سارد ڕوو لەناوچەكە دەكات‌و پلەكانی گەرمی بەشێوەیەكی بەرچاو دادەبەزن، به‌ڕێوه‌به‌رى كه‌شناسى سلێمانیش ده‌ڵێت، له‌ئێواره‌ى پێنجشه‌ممه‌وه‌ بارسته‌ هه‌وا سارده‌كه‌ ڕوو له‌ناوچه‌كه‌ ده‌كات.

ئاوێنە: ماوەی دوو ڕۆژە لەهەرێمی كوردستان بارانبارین بەردەوامەو به‌وته‌ى شاره‌زاو كه‌شناسه‌كان، ئێستا مەترسیی وشكەساڵی بەتەواوی تێپەڕیوەو باران بەشی پێویست بۆ كشتوكاڵ باریوە.

ئاسۆ كه‌مال به‌ڕێوه‌به‌رى كه‌شناسى سلێمانى به‌شارپرێسى ڕاگه‌یاند، سبه‌ینێ ئاسمان په‌ڵه‌هه‌ورو ساماڵ ده‌بێت‌و بۆ ڕۆژى دواتر كه‌شوهه‌وا ناسه‌قامگیر ده‌بێت‌و له‌ئێواره‌ى پێنجشه‌ممه‌شه‌وه‌ پێشبینى هاتنى شه‌پۆلێكى به‌فربارین بۆ ناوچه‌ شاخاویه‌كانى هه‌رێم ده‌كرێت‌و چه‌ند ڕۆژێكیش پله‌كانى گه‌رما داده‌به‌زن.

لاى خۆیشیه‌وه‌ سالار حاجی عەلی شارەزای كەشناسی وتویه‌تى، "ڕۆژی هەینی بارستە هەوایەكی سارد ڕوو لەهەرێمی كوردستان دەكات، تا ڕۆژی یەكی نیسان كاریگەریه‌كه‌ى دەمێنێتەوە".

ده‌شڵێت، "لەناوچە سنورییەكان بەهۆی بەفربارین تا دووی نیسان، شەوان كەشوهەوا بەساردی دەمێنێته‌وه‌، هەروەها پلەكانی گەرما چەند پلەیەك ڕوو لەدابەزین دەكەن، بەتایبەت شەوانە لەناوچە شاخاوییەكان چەند پلەیەك دەچێتە ژێر سفر".

به‌وته‌ى سالار حاجى، "ئه‌و كه‌شوهه‌وایه‌ كاریگەریی لەسەر ڕوه‌ك‌و درەختە میوە بەرییەكان دروستدەكات، ئەم بارستە هەوا ساردە لەسەر وڵاتانی ئەوروپاو چەند وڵاتێكی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەك توركیاو بەشێكی  ئێران، دواتر كاریگەری دەگاتە سەر هەرێمی كوردستان".
 
پێشبینیدەكرێ‌ لەهەولێرو سلێمانی‌و دهۆك، شەش پلە دابەزین لەپلەكانی گەرما بۆ ڕۆژی هەینی‌و شەممه‌ تۆماربكرێت، دواتر كەشوهەوا ئاسایی دەبێتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×