کۆمپانیای ئەجێڵیتی: بڕیاری سزادانی کۆڕەک و سیروان بارزانی بە زیاتر لەملیارو نیوێک دۆلار بڕیارێكی پابەندکەرە
  2023-04-01       1116       

کۆمپانیای ئەجێڵیتی کوەیتی رایگەیاند، بڕیاری دادگای دادی ژوری بازرگانیی نێودەوڵەتی بە سزادانی کۆمانیای کۆڕەک تێلیکۆم و سیروان بارزانی بڕیارێکی پابەندکەرەو لایەنی دۆڕاو لە کەیسەکە ناچاردەکات بەبڕی یەک ملیار و 650 ملیۆن دۆلار قەرەبو بداتە لایەنی براوە.

ئاوێنە: بەدر ئەلجیعان، ڕاوێژکارێکی باڵای کۆمپانیای مەیسانی هاوبەشی ئەجێڵیتی، بە دەنگی ئەمەریکای وت "ئەم هەفتەیە نامەیەک بۆ وەڵامدەرەوەکان [کۆرەک تێلیکۆم و سیروان بارزانی] دەنێرین بەمەبەستی بانگهێشتکردنیان بۆ پێشنیارکردنی پلانی پارەدانیان لە پەیوەست بە بڕیارەکە."

وەک ئاماژەیەک بە هەڵوێستەکانی کۆڕەک تێلیکۆم و سیروان بارزانی دوای بڕیارەکە، بەدر ئەلجیعان رایگەیاند، "بەڵام لێدوانەکەیان ئەوە دەردەخات کە ئەوان هیچ نیازێکیان نییە پابەندبن، بەداخەوە، کە ئەمەش زیاتر بەڵگەیە لەسەر ئەوەی ئەوان لە بنەڕەتدا ڕێز لە جێبەجێکردنی سەروەری یاسا ناگرن."

رۆژی 20ی مانگی رابردو، دادگای دادی ژوری بازرگانیی نێودەوڵەتی بڕیارێکی خۆی بڵاوکردەوە کە تێیدا سکاڵایەکی کۆمپانیای عێراق تێلیکۆمی ئیماراتی و کۆمپانیای ئینتەرناشناڵ هۆڵدینگ کە سەر بە کۆمپانیای ئەجێلیتی کوەیتییە لە دژی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم یەکلاکردەوە و بڕیاری دا بە سزادانی کۆڕەک تێلیکۆم بە بڕی یەک ملیار و 650 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی.

بەڵام سیروان بارزانی لە چاوپێکەوتنێکی دەنگی ئەمەریکادا کە ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردو بڵاوکرایەوە رایگەیاند، بڕیارەکە "زۆر زۆر دورە لە ڕاستی" و دڵنیایە لەوەی "بەم شێوازەی کە دەرچوە جێبەجێ ناکرێت."

سیروان بارزانی، کە خاوەنی کۆڕەک تێلیکۆمە، بە دەنگی ئەمەریکای راگەیاند، "ئەو پارەیەی کە دیاریکراوە بڕێکی خەیاڵییە... ئەو بڕەی کە ئەوان باسی دەکەن بەدڵنیاییەوە وەها نابێت و بێ بنەمایە. ئەو کۆمپانیایەی کە هاتوەو پشکی کڕیوە، بەهای چەندە، تۆ بێیت ملیاری بکەیت...ئەمە شتێکی ناڕەوایەو جێبەجێش ناکرێت بەو شێوازە چونکە ڕاست نییە. دوای ئەوەی تێهەڵچونەوەی بۆ دەکرێت زۆر دادەبەزێت."

بەڵام بەدر ئەلجیعان ڕاوێژکارە باڵاکەی ئەجێڵیتی ڕەتیکردەوە کە بتواندرێت ئەو بڕیارە گۆڕانکاری بەسەردا بهێندرێت.

بەدر ئەلجیعان بە دەنگی ئەمەریکای وت، "ئەم بڕە لە لایەن ژوری بازرگانیی نێودەوڵەتی، بەگوێرەی یاساکانی ئەو دادگایە، کۆتایی و پابەندکارە. کۆڕەک/بارزانی توانای ئەوەیان هەیە لەبەردەم دادگای DIFC  داواکاری پێشکەش بکەن بۆ لابردنی بڕیارەکە (ناوبژیوانییەکە لە DIFC بو)، بەڵام بنەماکانی سەرکەوتنیان لەمەدا تەواو سنوردارە، بۆیەش دەرفەتی ئەوان بۆ گۆڕنی بڕیارەکە زۆر دورە. دادگای DIFC بۆ نمونە پێداچونەوە بە بنەماکانیدا ناکات بەڵکو تەنیا پێداچونەوە دەکات بە پرسەکانی سیاسەتی گشتی و دادپەروەری بنەڕەتی لە پرۆسەکەدا."

لە بارەی ئەوەی کە ئەم شەڕە یاساییە لەگەڵ کۆمپانیای کۆڕەک چەندە کاریگەری دەبێت لەسەر داهاتوی کاری کۆمپانیای لۆجیستیکی ئەجێڵیتی کوەیتی لە هەرێمی کوردستان، بەدر ئەلجیعان ڕایگەیاند، "ئێمە لە هەرێمی کوردستان هیچ کاروبارێکی ترمان نییە بەڵکو لە شوێنەکانی تری عێراق بازرگانیمان هەیە."

دو ڕۆژ دوای بڕیارەکەی ژوری بازرگانیی نێودەوڵەتی، کۆڕەک تێلیکۆم لە ڕاگەیێندراوێکیدا دڵنیایی دا بە بەشداربوانی کە بڕیارەکە "بە هیچ شێوەیەک" کاریگەری نابێت لەسەر چالاکی و خزمەتگوزارییەکانی.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×