دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی عێراق، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، كوژرانی یەعقوب موهاجیر والی توركیای رێكخراوی داعشی لە پارێزگای ئیدلبی سوریا راگەیاند.
ئاوێنە: دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی عێراق، لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی، دەزگاكەیان لە چالاكییەكی هەواڵگریدا توانیویەتی خالید عاید ئەحمەد جبوری ناسراو بە "یەعقوب موهاجیر" كە "یەكێك بوە لە مەترسیدارترین تیرۆریستەكانی داعش" لە پارێزگای ئیدلبی سوریا بكوژێت.
ئەوەشی خستۆتەڕو، یەعقوب موهاجیر، پێشتر پەیوەندی بە رێكخراوی قاعیدەوە كردوەو پاشان بۆتە داعش و چەند بەرپرسیارێتییەكی لەو رێكخراوە وەرگرتوە، لەوانە، بەرپرسی سەربازیی ناوچەكانی دەرەوەی نەینەوا، بەرپرسی ئاسایشی ویلایەتی رۆژهەڵات و باكوری نەینەواو دوایین پۆستیشی "والی توركیا" بوەو پلانی بۆ ئەنجامدانی كردەوەی تیرۆریستی داناوە لە ئەوروپا.