سەركردەیەكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا رایگەیاند، پەلەمانی عێراق هەوڵدەدات كورتهێنانی پڕۆژە یاسای بودجە بەڕێژەی لەسەدا 50 كەمبكاتەوە.
ئاوێنە: توركی جەدعان، سەركردە لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، ئەمڕۆ هەینی، لە راگەیەندراوێكدا وتی، كورتهینان لە پڕۆژە یاسای بودجەدا زۆر زۆرەو جێی نیگەرانییە.
وتیشێ، رێككەوتنێكی سەرەتایی لە پەرلەمان هەیە بۆ پشتیوانیكردنی كەمكردنەوەی كورتهێنانی بودجە بەڕێژەی لەسەدا 50.
جەختیشی كردۆتەوە كە كەمكردنەوەی كورتهێنانەكە كاری لەپێشینەیە لەپێناو دوركەوتنەوە لە بەستنەوەی بودجە بە فشارە گەورەكانی دۆخی ناسەقامگیری فرۆشتنی نەوت لە بازاڕەكاندا بەهۆی قەیرانە نێودەوڵەتییەكانەوە.
ئەوەشی خستۆتەڕو، خوێندنەوەی دوەم بۆ پڕۆژە یاسای بودجە، لەگەڵ چڕكردنەوەی كۆبونەوەكانی لیژنەی دارایی بۆ یەكلاكردنەوەی سەرجەم خاڵە جێناكۆكەكان، زۆربەی بڕگە تایبەتەكان چارەسەردەكات.
پەرلەمانی عێراق، دو رۆژ لەمەوبەر بە ئامانجی خێراكردنی تێپەڕاندنی پڕۆژە یاسای بودجە، خوێندنەوەی یەكەمی بۆ پڕۆژە یاساكە ئەنجام دا.