وەزارەتی کشتوکاڵ عێراق رایگەیاند، بەگرتنەبەری ژمارەیەک رێوشوێن، لەچەند رۆژی داهاتودا نرخی گۆشتی سور رو لەدابەزین دەکات، ئەندامێکی ژوری بازرگانی بەغداش دەڵێت، "رێگەدان بەهاوردەکردنی ئاژەڵ دەبێتە هۆی پوکانەوە و کۆتاییهێنان بە بەرهەمی ناوخۆیی".
ئاوێنه: مەهدی جبوری بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بە رۆژنامەی سەباحی راگەیاندوە، "بۆ دابەزاندنی نرخی گۆشتی سور چەندین رێکارمان گرتوەتەبەر کە بەهۆیانەوە لە رۆژانی داهاتودا نرخی گۆشتی سور رو لە دابەزین دەکات، لەوانە ئاسانکاری بۆ گواستنەوەی ئاژەڵ لە نێوان پارێزگاکاندا، هەروەها رێگە بە هاوردەکردنی ئاژەڵ لە هەمو وڵاتانی جیهانەوە دەدرێت جگل ەوانەی قەدەغە کراون".
بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق هۆکاری بەرزبونەوەی نرخی گۆشتی سوری گەڕاندوەتەوە بۆ زۆر بونی خواست لەسەری، بەشێوەیەک ساڵی رابردو لەهەمانکاتدا رێژەی خواست لەسەر گۆشتی سور بە ڕێژەی لە 30% زیادیکردبو، لەگەڵ زۆربونی خواستیش رێژەی خستنەڕوی ئاژەڵیش کەمتر بوە.
لەبارەی بەرزبونەوەی نرخی گۆشتی مریشکیش مەهدی جبوری ئاماژەی بۆ ئەوەکردوە، "لە ئێستادا وەزارەتی کشتوکاڵ رێگە بە هاوردەکردنی هەمو جۆرەکانی مریشک دەدات بەڵام هاوسەنگی بەرامبەر کێڵگە ناوخۆییەکان دەپارێزێت، هەروەها وەزارەت بڕیاریداوە ئالیک بۆ کێڵگە پەلەوەرییەکان دابین بکات".
هەر سەبارەت بە بەرزبونەوەی نرخی گۆشت لە وڵاتەکەدا لای خۆیەوە، حەسەن غازی ئەندامی ژوری بارزگانی بەغدا باسی لەوەکردوە، هۆکاری بەرزبونەوەی نرخی جۆرەکانی گۆشت دەگەڕێتەوە بۆ کەمی ئاو کە گرفتی بۆ جوتیاران دروستکردوە و پێویستە حکومەتی عێراقیش بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆسیەیەدا بکات.
ئەندامەکەی ژوری بازرگانی بەغدا رەخنەی لە رێگەدان بە هاوردەکردنی جۆرەکانی گۆشت گرت و وتی، "ئەو هەنگاوە دەبێتە هۆی پوکانەوە و کۆتاییهێنان بە بەرهەمی ناوخۆیی بۆیە دەبێت رێگەدان بە هاوردەکردن بە پلان بێت تا کاریگەری لەسەر بەرهەمی ناوخۆی نەبێت".
لەگەڵ هاتنی مانگی رەمەزان نرخی گۆشتی سور لە بازاڕەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بەرزبونەوەی بەخۆیەوە بینی، بە جۆرێک نرخی هەر کیلۆیەک لەو گۆشتە گەیشتە زیاتر لە 20 هەزار دینار جگلەوەی نرخی گۆشتی مریشکیش پێنج هەزار دیناری تێپەڕاند.