موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر بڕیاریدا بە سڕكردنی رەوتەكەی بۆ ماوەی ساڵێك و لە تویتێكدا رایگەیاند، "ئەوە تاوانە، چاكسازبم بۆ عێراق و نەتوانم رەوتی سەدر چاكبكەم." دوابەدوای ئەوەش هەژمارەكانی خۆی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان "تا كاتێكی نادیار" داخست.
ئاوێنە: بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر هەژمارەكانی خۆی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان داخست و لە هەژمارەكانی نوسیویەتی: "تا كاتێكی نادیار داخراوە."
چەند خولەكێك بەر لە داخستنی هەژمارەكانی، موقتەدا سەدر لە تویتێكدا سڕکردنى سەرجەم چالاکییەکانی رەوتی سەدری بۆ ماوەى ساڵێک راگەیاند، جگە لە نوێژى هەینى و دو دامەزراوەى ئایینى رەوتەکەى. هاوکات مەزارى محەممەد سادق سەدرى باوکى تاوەکو دواى جەژنى رەمەزان داخست.
سەدر وتویەتی، ئەو بڕیارە لە کاتی دەرچونییەوە "دەستبەجێ جێبەجێبکرێت."
موقتەدا سەدر وتوشیەتی، ئەگەر بەردەوام بێت لە سەرۆکایەتیى رەوتى سەدر و "ئەهلى قەزیە" و "خراپەکار" و "تاوانکار"ى تێدابێت، ئەوە دژە بە یەکە و تویتەكەشی بەمە دەستپێكردوە "ئەوە تاوانە، چاکسازبم بۆ عێراق و نەتوانم رەوتى سەدر چاکبکەم."
بەر لەو هەنگاوانە، ساڵح محەمەد عێراقى، وەزیرى موقتەدا سەدر لە تویتێکدا وتی"خەڵوەت لە مزگەوتى کوفە هەڵوەشێندرایەوە، بەهۆى مامەڵەى خراپەکار و ئەوانەى ناوى خۆیان ناوە ئەهلى قەزیە."
ئەوەش دوای ئەوە دێت كە گروپێك لە رەوتەكەی سەدر، كە بە "خاوەن قەزیە" ناسراون، بانگەوازیان بۆ بەیعەت پێدانی سەدر كردبو لە 10 شەوی كۆتایی ڕەمەزان وەك ئیمامی دوازدەیەمی شیعە كە مەهدی مونتەزەرە.