نێچیرڤان بارزانی سەرپەرشتی كۆبونەوەیەكی هاوپەیمانان و وەزارەتی پێشمەرگە دەكات
  2023-04-17       562       

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دوشەممە، بە سەرپەرشتی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان كۆبونەوەیەكی فراوان لەنێوان وەفدێكی باڵای هاوپەیمانان و وەزارەتی پێشمەرگە بەڕێوەچو و تێیدا نێچیرڤان بارزانی جەختی لە "خێراتركردنی هەنگاوەكانی یەكخستنەوەی پێشمەرگەو لابردنی بەربەستەكانى بەردەم پرۆسەكە كردەوە."

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی سەرۆكایەتی هەرێم، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دوشەممە، بە سەرپەرشتیی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، كۆبونەوەیەكی فراوان لە نێوان شاندێكی باڵای هێزی هاوپەیمانان بە سەرۆكایەتیی جەنەرال ماثيو مكفارلن، فەرماندەی هاوبەشی هێزی هاوپەیمان لە عێراق و سوریا و وەزارەتی پێشمەرگەو دەزگا پەیوەندیدارەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان بەڕێوەچو.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، لە كۆبونەوەكەدا كە كونسولی گشتیی ئەمەریكا لە هەرێمی كوردستان ئامادەی بو، گفتوگۆ دەربارەی ڕێكخستنەوەو چاكسازی لە هێزی پێشمەرگەدا كراو هەڵسەنگاندن بۆ قۆناغەكانی جێبەجێكردنی ئەو پلانە كرا كە لە چوارچێوەی ڕێككەوتنی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكادا هەیە. هەروەها باس لەو ئاستەنگ و ئاڵنگارییانە كرا كە دێنە بەردەم پرۆسەی یەكگرتنەوەی پێشمەرگەو ڕێكخستنەوەیان بەشێوەیەكی سەردەمیانە لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا.

وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، "نێچیرڤان بارزانی هاوكارییە بەردەوامەكانی هاوپەیمانانی بۆ پێشمەرگە لە قۆناغ و بوارە جیاوازەكاندا بەرزنرخاندو جەختی لە خێراتركردنی هەنگاوەكانی یەكخستنەوەی پێشمەرگەو لابردنی بەربەستەكانى بەردەم پرۆسەكە كردەوەو ئامادەیی خۆیشی بۆ هەر هاوكاری و پشتیوانییەك لەمبارەيەوە نیشان دا."

هەر بەپێی راگەیەندراوەكە، "جەنەرال مكفارلن بەردەوامیی پشتگیری و هاوكارییەكانی هاوپەیمانانی بۆ پێشمەرگە لە بوارە جیاوازەكانداو جێبەجێكردنی هەنگاوەكانی ڕێكخستنەوەی پێشمەرگە لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا بەشێوەیەك هەرێمی كوردستان ببێتە خاوەن هێزێكی نیشتمانیی یەكگرتو، دوپات كردەوە."

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×