لە کۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی پارێزگای دھۆک دەنگ لەسەر لادانی بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری دھۆک درا و جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنەکە دەڵێت، بەڕێوەبەرەکە "گرفت"ی ھەبوەو "نەیتوانیوە کێشەکان چارەسەر بکات."
ئاوێنە: جەمیلە محەمەد، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای دھۆک، ئەمڕۆ دوشەممە، بە ماڵپەڕی رەسمی حزبەكەی وت"لە کۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی پارێزگای دھۆک بڕیار لەسەر لادانی بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری دھۆک و بەشێک لە سەرۆک بەشەکانی نێو بەڕێوەبەرایەتییەکە درا، بڕیاری لادانی بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری دھۆک ڕەوانەی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران و پەرلەمان و لایەنە پەیوەندارەکان دەکەین."
لەبارەی ھۆکاری دەرکردنی بڕیارەکەوە جەمیلە محەمەد وتی: "پێشتر لیژنەیەک لەبارەی کارەکانی گەشتوگوزار پێکھاتوەو لیژنەکە ماوەی حەوت مانگ دەبێت بەدواداچون بۆ کێشەو گرفتەکانی گەشتوگوزاری دھۆک دەکات و گەیشتوەتە ئەو باوەڕەی بەڕێوەبەری گشتی ھۆکارە بۆ ھەبونی چەندین کەموکوڕی و ئەمڕۆ خرایە دەنگدان و پێشنیاری لادانی پەسەند کرا.''