وەزیری دارایی و وەزیری پەروەردە پرسی مامۆستایانی وانەبێژ تاوتوێ دەکەن
  2023-04-17       466       

وەزیری دارایی و وەزیری پەروەردەی هەرێم، ئەمڕۆ دوشەممە، كۆبونەوەو چەند پرسێكیان تاوتوێ كرد لەوانە پرسی مامۆستایانی وانەبێژ.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتی دارایی و ئابوریی حكومەتی هەرێم، ئەمڕۆ دوشەممە، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابوری سەردانی وەزارەتی پەروەردەی کردو لەلایەن وەزیری پەروەردەو بریکارو بەرێوەبەری گشتیی دیوان و ژمارەیەک لە بەڕێوبەرە گشتییەکانی وەزارەتەكە پێشوازی لێکرا.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، لە کۆبونەوەکەدا تاوتوێی چەند خاڵێك كراوە كە یەكەمیان بریتی بوە لە پرسی مامۆستایانی وانەبێژی دانەمەزراو، کە تیمی هەردو وەزارەت کۆنوسی خۆیان لەوبارەیەوە دەنوسنەوە.

ئەوەشی خستۆتەڕو، هەر لە كۆبونەوەكەدا پرسی دروستکردنی یەکەیەکی ژمێریاری بۆ بەڕێوەبەرایەتی دڵنیایی جۆری و سەرپەرشتی پەروەردەیی بەمەبەستی کارئاسانی و سەربەخۆبونی کاری سەرپەرشتیارانی پەروەردەیی كرا.

"پرسی دەرماڵەی هاندانی مامۆستایانی ڕاهێنەری پەروەردەیی." و "پرسی  بودجەی تاقیکردنەوە گشتییەکانی نیشتیمانی و وەزاری." دو پرسی دیكە بون كە لە كۆبونەوەكەدا تاوتوێ كراون، ئەوەش بەپێی راگەیەندراوەكە.

وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، لای خۆیەوە وەزیری دارایی "پشتیوانی خۆی بۆ کەرتی پەروەردەو پرۆسەی خوێندن دوپات کردەوەو بەڵێنیدا هەرچی لە توانایاندا بێت بۆ خزمەتی ئەو کەرتە درێغی نەکەن."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×