سی پی تی: لەم مانگەدا توركیا 11 بۆردومانی زنجیرەیی لە خاكی هەرێمی كوردستاندا ئەنجام داوە
  2023-04-17       450       

تیمی كوردستانی عێراقی رێكخراوی سی پی تی رایگەیاند، لە رۆژی 3ی ئەم مانگەوە سوپای توركیا لانیكەم 11 بۆردومانی زنجیرەیی لە خاكی هەرێمدا ئەنجامداوە، لە ئەنجامی ئەو بۆردومانانەدا دو هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستداوە و ژیانی هەزاران هاوڵاتی تریش كەوتۆتە مەترسییەوە.   

ئاوێنە: تیمی كوردستانی عێراقی رێكخراوی سی پی تی، ئەمڕۆ دوشەممە، لە راگەیەندراوێكدا ئەوەشی وتوە"بە بەراورد بە هێرشە یەک لەدوای یەکەکانی ساڵانی پێشوتری، لە دوایین زنجیرە بۆردومانەکاندا، دەوڵەتی تورکیا بۆردومان و هێرشە سەربازییەکانی لە قوڵاییەکی زیاتری خاکی هەرێمی کوردستان و عێراقدا ئەنجامداوە."

ئاماژەی بەوەشداوە "لە ٣ی نیساندا، سوپای تورکیا چوار هێرشی ئاسمانی بۆ سەر چیای شرین لە دەڤەری بارزان لە پارێزگای هەولێر ئەنجامدا، کە بەهۆیەوە دو هاوڵاتی مەدەنی شەهیدبون. هەردو هاوڵاتییەکە، عارف عومەری ٥٠ ساڵ و ئەحمەد حوسێنی ٣٥ ساڵ، لە کاتی کۆکردنەوەی گژوگیای بەهارە لە چیای شرین بە ئامانجگیران و شەهیدبون."

راگەیەندراوەكە باسی لە هێرشەكەی رۆژی 7ی نیسان بۆ سەر فڕۆكەخانەی سلێمانی كردوە كە تێیدا كاروانێكی ئۆتۆمبێل لەلایەن فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوانی توركییەوە كرایە ئامانج و بەپێی زانیارییە پشتڕاستكراوەكان فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی سوپای سوریای دیموکرات، مەزڵوم عەبدی کە هاوشان لەگەڵ چەند ئەندامێکی سوپای هاوپەیمانان لە قافڵەی ئۆتۆمبێلەکاندابو، بە ئامانجگیران.

تیمی کوردستانی عێراقی سی پی تی، نیگەرانی قوڵی خۆی دەربڕیوە بەرامبەر بۆردومان و هێرشەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر ناوچە مەدەنینشینەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق. لە هەمانکاتیشدا سەرکۆنەی نیازی فراوانکردنی مەودای ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیای كردوە بۆ قوڵایی خاکی هەرێم.

رێكخراوەكە وتویەتی"ئەم جۆرە هێرش و بۆردومانانە مەترسین بۆ سەر ژیانی هاوڵاتیانی مەدەنی، بژێوی ژیانی گوندنشینان، زەوی و زاری کشتوکاڵی، لەوەڕگاو ژینگەی هەرێمی کوردستانی عێراق. ئێمە بانگەواز لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هاوبەشە سەربازییەکانی تورکیا دەکەین بۆ فشار خستنەسەر دەوڵەتی تورکیا بەمەبەستی وەستاندنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان و ڕاگرتنی پێشێلکاری بەردەوامی یاسا نێودەوڵەتییەکان و بەزاندنی سەروەری خاکی عێراق کە لە دواجاردا هاوڵاتیانی مەدەنی دەبنە قوربانی ئەم پێشێلکارییانە."

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×