لوقمان وەردی: بەھۆی مامەڵەکانی سه‌رۆكی حكومه‌ته‌وه‌ هەوڵەکانی شاندەکەی بۆ لای قوباد تاڵەبانی لەباربرد
  2023-04-18       424       

بە وتەی جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، قسەکانی رۆژی یەکشەممەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ "تێکدانی" کۆبونەوەکەی رۆژی شاندەکەی ئەنجومەنی وەزیران بووە لەگەڵ قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان. لە بەرامبەریشدا پەرلەمانتارێکی پارتی ئەوە رەتدەکاتەوە.

ئاوێنە: لوقمان وەردی، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان بە دەنگی ئەمریکای راگەیاند: "ئه‌م شێوازی ده‌ربڕین و ئاخاوتنی سه‌رۆكی حكومه‌ت روونه‌، له‌لایه‌ک شاندێک ده‌نێرێت بۆ گفتوگۆ و به‌حساب بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان له‌گه‌ڵ تیمی یه‌كێتی، له‌لایه‌كی تر هێرشێكی توند ده‌كاته‌سه‌ر هاوبه‌شێكی راسته‌قینه‌ی خۆی له‌ حكومه‌ت".

ئەمە لە کاتێکدایە ئێوارەی رۆژی یەکشەممە لە میانەی مەراسیمی بەربانگ لەگەڵ کاسبکاران و کرێکارانی شاری هەولێر، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان وتی: "هیچ كات و هەرگیز ئێمە ناتوانین هاوبەش و بەشداربین لە خاكفرۆشی، لە گەندەڵی، لە تیرۆر و تۆقاندن، لە سەرانەستاندن، یان لە ئەوەی كە خەڵك لەپێناو بەرژەوەندییەكانی خۆمان بەكار بێنین".

هەرچەندە مەسرور بارزانی لە لێدوانەکەیدا ناوی هیچ لایەنێکی نەهێنا، بەڵام بەشێکی زۆر لە میدیا ناوخۆییەکان دەڵێن مەبەستی یەکێتی بووە.

لوقمان وەردی، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان سەرۆکی حکومەتی بەوە تۆمەتبارکرد گوایە، "نیه‌تی ئاشته‌وایی نییه" چونکە "لە سەره‌وه‌ قسه‌یه‌ک ده‌كات و له‌ژێره‌وه‌ش ره‌فتار و هه‌ڵسوكه‌وته‌كانی به‌شێوازی تێكدانی نێوماڵی كورده".

بەڵام شوان کەریم زراری، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی هەرێم ئەو تۆمەتانەی رەتکردەوە و وتی: "ئەو قسانەی جەنابی سەرۆکی حکومەت نوێ نییە، هەرخۆی ئەوە دروشمی پارتییە، لە دروستبوونی پارتیەوە ئەوە دروشمی پارتییە".

قسەکانی سەرۆکی حکومەت لە کاتێکدا بوو کە تەنها چەند کاتژمێرێکی مابوو بۆ سەردانی شاندەکەی ئەنجومەنی وەزیران بۆ لای قوباد تاڵەبانی، بە مەبەستی گەڕانەوەی تیمەکه‌ی وەزاری یەکێتی بۆ کۆبونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران.

شاندەکەی ئەنجومەنی وەزیران بۆ لای سەرۆکی تیمی یەکێتی پێکهاتبوون لە وەزیری ئەقاف و كاروباری ئاینی لە پارتی، وەزیری كاروباری شەهیدان و ئه‌نفالكراوان لە سۆسیالیست و وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشته‌جێكردن لە بزووتنەوەی گۆڕان و دوێنێ دووشەمە کۆبوونەوەکەیان ئەنجام دا.

ناردنی ئەم شاندە لە کۆبونەوەی رۆژی چوارشەممەی رابردوولە لایەن سەرۆکی حکومەت و لەسەر پێشنیازی عەبدوڵای حاجی مەحمود، وەزیری كاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان بڕیاری لەسەردرا.

لوقمان وەردی، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی، سەرۆکی حکومەتی بەوە تۆمەتبارکرد کە لە کاتی دەستپێکردنەوەی هەوڵەکان بۆ لێک نزیكبوونه‌وه‌ی پارتی و یەکێتی، "ئەوان له‌سه‌ره‌وه‌ قسه‌یه‌ک ده‌كه‌ن و له‌ژێره‌وه‌ بۆمبێک ده‌ته‌قێننه‌وه‌ بۆ له‌باربردنی هه‌موو ئه‌و هه‌وڵانه‌".

وتیشی: "من پێموایه‌ ئەو قسانەی ئێواره‌ی یه‌كشه‌ممه‌ی سەرۆکی حکومەت پێش ئه‌وه‌ی هێرش بێت بۆسه‌ر یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان هێرش بووه‌ بۆسه‌ر ئه‌و به‌ڕێزانەی كه‌ رۆژی دووشه‌ممه‌ ناردونی بۆ لای كاک قوباد تاڵه‌بانی، بۆیه‌ من پێموانییه‌ ئه‌م جۆره‌ هه‌وڵانه‌ شتێكی لێ سه‌وز بێت".

لای خۆشیەوە شوان کەریم زراری، پەرلەمانتاری پارتی ئەوەی رەتنەکردەوە کە لێدوانەکەی سەرۆکی هەرێم رووی لە یەکێتی بووبێت و رایگەیاند: "ئەو قسانەی سەرۆکی حکومەت رەنگە بەشێک لە ناو یەکێتی بگرێتەوە نەک هەموو یەکێتی".

وتیشی: "ئێمە مەبەستمان خاکفرۆشان و کاری تیرۆریستان و ئەوانەن کە ئامادەن تێکەڵاوی هەموو کەسێک بکەن بەس تەنها بۆ خستنی ئەم ئەزمونەی هەیە".

سەبارەت بە بایکۆتی تیمی یەکێتی بۆ کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران، پەرلەمانتارەکەی پارتی وتی: "ئەو برادەرانە وەک چۆن لە ئیمتیازاتەکان سودییان وەرگرتووە، بۆیە پێویستە بگەڕێنەوە و ئەرکەکانی خۆیان جێبەجێ بکەن، وەک هاوبەشی راستەقینە مامەڵە بکەن چونکە ئەنجومەنی وەزیران شوێنی گفتوگۆ و چارەسەرکردنی کێشەکانە".

یەکێتی نیشتمانی، هۆکاری ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەکانی لەگەڵ پارتی، بۆ نەمانی شەراکەت لە حوکمڕانی و پشتگوێ خستنی ناوچەکانی سلێمانی دەگێڕێتەوە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی. پارتی دیموکراتیش دەڵێت هۆکاری نیگەرانییەکانی لە یەکێتی بۆ تێوەگلانی چەند ئەفسەرێکی دژە تیرۆری سلێمانی دەگەڕێتەوە لە دۆسیەی تیرۆرکردنی هاوکار جاف لە شاری هەولێر.

لەبارەی ئەگەری کشانەوەی یەکجاری یەکێتی لە حکومەت، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند: "ئێمه‌ خۆمان خاوه‌نی حوكمڕانین و به‌رپرسیارێتی خه‌ڵكمان له‌سه‌ر شانه‌، ئێمه‌ مه‌یدان چۆڵ ناكه‌ین خۆمان به‌ به‌رپرس ده‌زانین به‌رامبه‌ر به‌ ژیان و گوزه‌رانی هاووڵاتیان بۆیه‌ شه‌ڕی خزمه‌تگوزاری هاووڵاتیانیش ده‌كه‌ین".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×