بەپێی ڕۆژمێری فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان چەند ڕۆژێک پشووی فەرمی دەبێت
  2023-04-18       1398       

بەپێی ڕۆژمێری فەرمیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان چەند ڕۆژێک پشووی فەرمی  دەبێت كە سێ ڕۆژیان بە بۆنەی جەژنەوە دەبێت.

ئاوێنە: بەپێی ڕۆژمێرەکە، ڕۆژی چوارشەممە 19ی نیسان، سەری ساڵی ئێزدییەکانە (جەژنی چوارشەممەی سوور) بەم بۆنەیەوە بە بڕیارێک ساڵانە لە هەموو دامودەزگاکانی حكوومەت پشووی فەرمییە.

هەر بەپێی ڕۆژژمێرەکە ڕۆژانی 22 و 23 بۆ 24ی نیسان، کە دەکاتە ڕۆژانی شەممە و یەکشەممە و دووشەممە، بە بۆنەی جەژنی ڕەمەزانەوە پشووی فەرمین.

کۆمەڵەی فەلەکناسیی سعوودیە ئاماژەیشی بەوە داوە: ڕۆژی پێنجشەممەی داهاتوو 20/4/2023، دوایین ڕۆژی مانگی ڕەمەزانە و ڕۆژی هەینیش 21/4/2023 یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزان دەبێت".

سامان سیوەیلی، وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕاگەیاند: "سبەی لە هەموو قوتابخانە و ناوەندەكانی پەروەردە پشووە و پشووی جەژنیش ئەوە پەیوەندی بە ڕاگەیاندراوی حكوومەت دەبێت و ئێمەش پابەندی ئەو ڕۆژانەین كە ڕادەگەیەندرێت.''

ئاماژەی بەوەش دا، ئەگەر پێنجشەممە پشووی فەرمی نەبێت ئەوە دەوامی قوتابخانە و پەروەردەكان ئاسایی دەبێت و وتیشی: "لە قوتابخانەكان پرۆگرام تەواو كرابێت، یان نا، ئەگەر پشووی فەرمی نەبێت ئەوە دەوام ئاسایی دەبێت.''

پێشتر د. جووتیار عادل، گوتەبێژی فه‌رمیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ڕاگەیاندبوو: "حكوومەتی هەرێمی كورستان ڕۆژمێری فەرمیی خۆی هەیە، ڕۆژژمێرەكە لەسەر ماڵپه‌ڕی فەرمیی حكوومەت دانراوە، ئەو پشوانەی فەرمین و بە بڕیاری حكوومەت و پەرلەمانی كوردستان بە پشوو هەژمار كراون، دیاری كراون، ئەوانەیشی تەنیا بۆنەن و پشوو نین، ئاماژەیان بۆ كراوە.''

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×