پەروین بوڵدان: وانەیەک فێری ئاکەپە دەکەین ئیدی لە سیاسەتدا ناوی نەهێنرێت
  2023-04-18       365       

هاوسەرۆکی گشتی هەدەپە لەبەردەم لایەنگرانی پارتەكەیدا لە دیلۆك ڕایگەیاند، ئەوان ئەو شتانە لەبیرناکەن کە بەسەر خەڵکی دیلۆکدا هاتووە و وتی: لە ١٤ی ئایاردا وانەیەک فێری ئاکەپە دەکەین کە لە سیاسەتدا ئیدی ناوی نەهێنرێت.

ئاوێنە: پەروین بوڵدان هاوسەرۆکی گشتی پارتی دیموکراتی گەلان - هەدەپە لە چوارچێوەی بانگەشەی هەڵبژاردنی پارتی چەپی سەوزدا لە شاری دیلۆك دەلێت: دەیدزن، تاڵانی دەکەن، بەڵام هەرچیەک دەکەن ناتوانن لەبەرامبەرمان بوەستنەوە، هیچ کاتێک ناتوانن، رێگری زۆریان دروست کرد، هەوڵ دەدەن پارتەکەمان دابخەن، دەیانەوێت هەدەپە لە سیاسەت دوور بکەنەوە، دەیانەوێت پەرلەمان بێ هەدەپە بهێڵنەوە، هەموو رێگەیەک تاقی دەکەنەوە، بەڵام بەڵێنمان بە گەلەکەمان داوە، وتمان، ئەگەر ئەوان فرت و فێڵیان هەیە، ئێمەش هەنگاومان هەیە، بڕیارماندا کە بە ناوی پارتی چەپی سەوزەوە بەشداری هەڵبژاردن بکەین. 

هاوسەرۆكی هەدەپە وتیشی: ئیدی کات هاتووە کە ئاکەپە رووبەرووی چارەنوسەکەی بکەینەوە، ئەوەش گەلەکەمان بڕیار دەدات، یەکەم دەنگ بۆ گۆڕینی سەرۆککۆمارە، دووەم دەنگ بۆ پەرلەمانە، ئێمەش دەمانەوێت کە بە شێوەیەکی قەرەبالخ بچینە پەرلەمان، بڕوامان وایە گەلی دیلۆک کارێکی باش دەکات، خولی پێشوو مەحمود تورگوت پەرلەمانتار و دەنگی ئێوە بوو، ئێستا پارتی چەپی سەوز لە زۆر شوێن کاندیدی هەیە و نوێنەرایەتیتان دەکات.

بوڵدان باسی ئەوەی کرد کە ١٤ی ئایار دەسەڵات ڕەوانەی زبڵدان دەکەن و وتی: ١٤ی ئایار وانەیەک فێری ئاکەپە دەکەین کە لە سیاسەتدا ئیدی ناوی نەهێنرێت.

وا بڕیارە ١٤ی مانگی داهاتوو هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆك كۆماری توركیا ئەنجامبدرێت و لەگەڵ نزیكبوونەوە لە وادەی هەڵبژاردن كەشوهەوای سیاسی توركیا گەرمتر دەبێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×