سودانی و وەزیری دەرەوەی ئەمریكا پەیوەندییەكی تەلەفۆنییان ئەنجام دا
  2023-04-18       387       

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق و ئەنتۆنی بلینكن، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا چەند پرسێك تاوتوێ دەكەن لەوانە هەوڵەكانی حكومەتی عێراق لە بواری چاكسازیی ئابوریدا.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەكەی، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لە ئەنتۆنی بلینكن، وەزیری دەرەوەی ئەمریكاوە پێگەیشتوە.

لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا، پەیوەندییە دوقۆڵییەكانی نێوان بەغداو واشنتۆن و رێگەكانی پتەوكردنیان لە هەمو بوارو ئاستەكاندا، تاوتوێ كراوە، ئەوەش بەپێی راگەیەندراوەكە.

وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، هەر لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا، هەوڵەكانی حكومەتی عێراق لە بواری چاكسازیی ئابوری و فرەچەشنكردنی سەرچاوەكانی گەشەپێدان، ئەدای هێزە ئەمنییەكانی عێراق بۆ شوێنپێهەڵگرتنی پاشماوەكانی داعش و رۆڵی ئەمریكا لە پێشكەشكردنی هاوكاری لە بواری راوێژ و مەشقی سەربازی بە هێزە عێراقییەكان، تاوتوێ كراون.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، سودانی لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا جەختی لە هەڵوێستە نەگۆڕەكانی عێراق كردوە لەبارەی پرس و ئاڵنگارییە ئەمنی و ئابورییەكان لەسەر ئاستی ناوچەكەو جیهان لەگەڵ جەختكردنەوە لە پاڵپشتیكردنی هەوڵەكانی هێوركردنەوەو بەهێزكردنی سیاسەتی دیالۆگ بۆ چارەسەركردنی ناكۆكییەكان.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×