دڵشاد عومەر: هەر وەبەرهێنەرێک داوای زەوی پەروەردە بکا بۆ یەکەی نیشتەجێبون، ناوەکەی بڵاودەکەینەوە
  2023-04-18       537       

بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی رایدەگەیەنێت؛ وەبەرهێنێك كە "پشتوپەنا"ی هەیە دەیەوێت زەوی ئامادەیی بەكرەجۆ بكاتە پڕۆژەی نیشتەجێبون، بەڵام ئەوان ڕەتیانكردوەتەوە.

ئاوێنە: دڵشاد عومەر، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی، ئەمڕۆ شەممە، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: ماوەیەكە نوسراویان بۆ كراوە كە وەبەرهێنەرێك دەیەوێت 1482 دۆنم زەوی ئامادەیی كشتوكاڵی بەكرەجۆ بكاتە شوێنی نیشتەجێبون، بەڵام ئەوان رەتیانكردوەتەوە و وتی "دڵنیام پشتوپەنای هەیە".

بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی ڕونیكردەوە، زەوییەكە وەك خۆی ماوەو دەیكەنە كۆمەڵگەیەكی پیشەیی تا خزمەتی خوێندكاران بكات، هەروەها دیزاینی پرۆژەكەش تەواو بوە، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە تا ئێستا نەتوانراوە بكرێتە بینا.

دڵشاد عومەر وتیشی "ئامادەیی سەرچنار كە لە ساڵی 1964ـەوە خزمەت دەكات لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی چالاكی وەرزشی كە لە ساڵی 1964ـەوە لەسەر بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی سلێمانی تاپۆیە، داوا دەكرێن بكرێنە شوێنی گەشتیاری بەڵام ئەوەشیان رەتكردوەتەوەو لە گەڕەكی بۆگەنە سێ دۆنمیان هەیە، داوای ئەو سێ دۆنمەش كراوە بەڵام دیسان ئەوەیشمان رەتكردوەتەوە".

ئاماژەی بەوەشکرد، هەندێك قوتابخانە هەیە كە شوێنەكانیان ستراتیژییەو لەسەر شەقامی گشتییە، وەبەرهێنەران داوادەكەن لاببرێن و بخرێنە ناو پرۆژەكەیانەوە بەڵام ئەوەشیان هەر رەتكردوەتەوە.

بەرێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی، ئاماژەی بەوەشكرد، لەمەودوا هەركەسێك بۆ هەر مەبەستێك داوای لەوشێوەیان لێبكات ناوەكەی لە پەیجی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی سلێمانی بڵاویدەكەنەوە تا بۆ هەمو خەڵك ئاشكرابێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×