لە سلێمانی "خەریكە حكومەت دەوەستێت"
  2023-04-18       868       

ئەندامێكی فراكسیۆنی یەكێتی لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان خەرجی و داهاتی سنوری سلێمانی ئاشكرادەكات و دەڵێت، لە سێ مانگی رابردودا، مانگانە سلێمانی 76 ملیار دینار كورتهێنانی هەبوە. دەشڵێت: هەمو خەرجی فەرمانگەكان وەستێندراوەو خەریكە حكومەت دەوەستێت.

ئاوێنە: سەركۆ ئازاد گەڵاڵی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە، لە نوسینێكدا لە لاپەڕەی خۆی لە فەیسبوك رایگەیاند، خەرجی سلێمانی بەبێ پڕۆژەی ئاوەدانی بریتییە لە 20 ملیار دینار بۆ نەسریەو خەرجی دامودەزگاكانی حكومەت لە پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەو ئیدارەكانی راپەڕین و گەرمیان، 18 ملیار دینار پێویستە بۆ شارەوانییەكان و خۆڵ و خاشاك، دەرمان و پێداویستییە پزیشكییەكان، خزمەتگوزارییە گشتییەكان، واتە كۆی گشتی 38 ملیار دینار پێویستە بۆ راییكردنی مانگانەی دامودەزگاو ئیشوكارەكانی ئەم سنورە.

ئەوەشی خستۆتەڕو، 75 ملیار لەداهاتی ناوخۆی سلێمانی پێویستە بۆ تەمویلی موچە، ئەمە مانگانە وەزارەتی دارایی ئیجباری دەكات لەسەر سلێمانی و هەروەها 15.5 ملیار دینار بۆ بودجەی سیادییەو مانگانە دەبێت لە داهاتی ناوخۆی سلێمانی بنێردرێت بۆ هەولێر، واتا مانگانە وەزارەتی دارایی داوای 90 ملیار دینار دەكات بۆ تەمویلی موچەو سیادی لەداهاتی ناوخۆی سلێمانی.

بەپێی قسەی ئەو پەرلەمانتارە، 5 ملیار دینار بۆ وانەبێژانی سلێمانی پێویستە، حكومەت نایدات لەبانكی ناوەندی دەدرێت لە داهاتی ناوخۆی سلێمانی و هەروەها 3 ملیار دینار بۆ دەرماڵەی خوێندكاران پێویستەو دەبێت لە داهاتی ناوخۆ بدرێت.

لەبارەی خەرجی موچەش سەركۆ ئازاد گەڵاڵی وتویەتی، بۆ موچەی مانگانەی سنوری سلێمانی 370 ملیار دینار پێویستە، بەڵام وەزارەتی دارایی مانگانە 280 ملیار دەنێرێت، واتا 90 ملیار دەبێت سلێمانی خۆی دابینی بكات.

ئاماژەی بەوەشداوە كە داهاتی سلێمانی بەپێی سایتی شەفافیەت لە مانگی شوباتدا نەختینە 63 ملیار دینار بوە، لە مانگی ئازار نەختینە 61 ملیار دینار بوەو داهاتی تا ئێستای مانگی نیسانیش نەختینە 23 ملیار دینار بوە، ئەوەش لەكاتێكدایە كە بەپێی قسەی ئەو پەرلەمانتارە "مانگانە خەرجی سلێمانی پێویستی بە (136) ملیار دینارە بۆ هەموی بەڵام داهاتی سلێمانی بەتێكڕا نزیكەی 60 ملیار دینار بوە، واتا مانگانە سلێمانی 76 ملیار دینار كورتهێنانی هەبوە."

پەرلەمانتارەكەی یەكێتی باسی لەوەش كردوە "وەزارەتی دارایی لەم 20 رۆژەدا دوجار موچەی راگەیاندوە، لە كاتێكدا ئێمە لە مانگی نیسانداین و موچەی مانگی ئازار دابەشدەكرێت، وەزارەتی دارایی بە نوسراو داوای كردوە ئەبێت 180 ملیار دینار بخرێتە سەر حسابەكەی، لەكاتێكدا داهاتی سلێمانی ئەوەندە نییە."

جەختیشی كردۆتەوە كە لە سلێمانی "هەمو پرۆژەیەكیش وەستاوەو یەك دینار بۆ پرۆژەكان خەرجناكرێت، ئەو بڕیارانەی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەت دەریان دەكات بۆ پرۆژەكان و خەرجكردنی پارە، تەنها ژمارە دەنێرێت و یەك دینار نانێرێت، لەسەر داهاتی سلێمانی دەبێت خەرج بكرێت، هەمو خەرجی فەرمانگەكان وەستێندراوەو خەریكە حكومەت دەوەستێت."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×