ئەدهەم بارزانی: بەرپرسی پاسەوانەكانم دوای 160 رۆژ لە زیندانە تاریكەكانی هەولێر، ئازادكرا
  2023-04-18       1049       

ئەدهەم بارزانی رایگەیاند، ئەمڕۆ سێشەممە، فەرید بازی، بەرپرسی پاسەوانەكانی دوای 160 رۆژ لە دەستگیركردنی، لە "زیندانە تاریكەكان"ی هەولێر ئازادكراوە.

ئاوێنە: ئەدهەم بارزانی، ئەمشەو سێشەممە، لە پەیامێكدا رایگەیاند"ئێوارەی ئەمڕۆ ئاگادار کراین کە برای خۆشەویست و ئازیزمان کوڕی ڕۆژی تەنگانەو ئازاو قارەمان و چاونەترس (فەرید عەبدولعەزیز بازی) دوای ١٦٠ ڕۆژ لە زیندانە تاریکەکانی هەولێری نازدار ئازادکرا."

ئەدهەم بارزانی وتوشیەتی"بەئازادکردنی ئەم ڕۆڵەیەی نەتەوەکەم لەم ڕۆژە پیرۆزەی ٢٧ی ڕەمەزانەدا بۆمان بویە جەژن و خۆشی و شادی."

لە مانگی 11ی ساڵی رابردو، بارەگای ئەدهەم بارزانی لە نامەیەكدا كە ئاڕاستەی هەردو رێكخراوی ئەمنستی ئینتەرناشناڵ و هیومان رایتس ۆوچی كردبو، وتبوی، نزیك سەعات 11ی شەوی 11ی 11ی 2022، دو ئۆتۆمبێلی هێزەكانی ئاسایشی سەربە پارتی، بە سەرپەرشتی بەروار سەعید سینەم بلێیی، چونەتە گوندی بازی لە ناوچەی بارزان و "فەرید عەبدولعەزیز بازی" بەرپرسی پاسەوانەکانی ئەدهەم بارزانییان دەستگیرکردوە.

بەگوێرەی نامەكە، بەروار سەعید سینەم وتویەتی كە بە فەرمانی مەلا مستەفا مەسعود بارزانی ئەو كارە دەكەن و بەرپرسی پاسەوانەكانی ئەدهەم بارزانیان بۆ قەزای مێرگەسور لە پارێزگای هەولێر بردوە.

هەروەها لە نامەكەدا هاتبو، دوای سەعاتێك لە دەستگیركردنەكە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستانمان ئاگاداركردۆتەوەو داوای سەلامەتی "فەرید عەبدولعەزیز بازی"مان لێكردوە.

بارەگای ئەدهەم بارزانی راشیگەیاندبو، ئێمە و خانەوادەی فەرید عەبدولعەزیز نیگەرانین لەوبارەیەوە، چونكە ئەزمونەكان دەریانخستوە كە رێز لە مافەكانی مرۆڤ لە ناوچەكەدا ناگیرێت.

دەقی پەیامەكەی ئەمشەوی ئەدهەم بارزانی:

بەناوی خوای گەورەو میهرەبان

جەماوەری سەربەرزی کوردستان

خوشک و برایانی بەڕێز

ئێوارەی ئەمڕۆ ئاگادار کراین کە برای خۆشەویست و ئازیزمان کوڕی ڕۆژی تەنگانەو ئازاو قارەمان و چاونەترس (فەرید عبدالعزیز بازی) دوای ١٦٠ ڕۆژ لە زیندانە تاریکەکانی هەولێری نازدار ئازادکرا.

بەئازادکردنی ئەم ڕۆڵەیەی نەتەوەکەم لەم ڕۆژە پیرۆزەی ٢٧ی ڕەمەزانەدا بۆمان بویە جەژن و خۆشی و شادی.

 پیرۆزبایی گەرم لە ئازادیخوازان و خانەوادەی سەربەرزی فەرید بازی دەکەم. سوپاس بۆ خوای گەورە و پاشان بۆ تەواوی میدیاو ڕاگەیاندنکارە حەقبێژەکان.

سوپاس بۆ چالاکوانان و بەرپرسانی سیاسی و دەوڵەتی دەرەوەو ناوەوەی کوردستان، سوپاس بۆ سەرجەم ئەو کەسانەی کە هاوکار بون لەم کەیسەدا لە قونسوڵخانەکان و سەفارەت و حیزب و ڕێکخراوەکان .

سوپاسی بێپایانمان بۆ جەماوەری خۆڕاگری کوردستان  بەهیوای ئازادی بۆ سەرجەم ئازادیخوازان و حەقبێژو کوردپەروەرەکان.

بژی ئازادی

 بژی دیموکراتی

 بژی کوردو کوردستان

         براتان

 ئەدهەم عوسمان شێخ ئەحمەد بارزانی

   18/4/2023

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×