رۆژنامەی هاوڵاتی: قوباد تاڵەبانی داوایەكی توركیا و دەزگای میت رەتدەكاتەوە
  2023-04-19       1815       

رۆژنامەی هاوڵاتی لە ژمارەی ئەمڕۆیدا لە راپۆرتێکیدا دەڵێت، یەكێتی نیشتمانی كوردستان تادوای یەكلابوونەوەی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمان و سەرۆكایەتی توركیا لەبارەی گەمارۆی پارتەكەی ئەردۆغان بۆ سەر فرۆكەخانەی سلێمانی بێدەنگی هەڵدەبژێرێت، چونكە سەرۆكی هەواڵگری توركیا داوایان كردووە لەنزیكەوە چاودێری گەشتیاران بكەن.

ئاوێنە: لەسەرەتای مانگی نیساندا توركیا راگرتنی سەرجەم گەشتەكانی بۆ فڕۆكەخانەی سلێمانی راگرت و پاش دوو رۆژ لەڕێگەی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی درۆنەوە هێرشیكردەسەر فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی، ئەوەش كاردانەوەی لێكەوتەوە.

هێرشەكەی رۆژی هەینی 7ـی نیسانی 2023 كە بەدرۆن كرایەسەر فڕۆكەخانەی سلێمانی، تائێستا لێكۆڵینەوەی لەبارەوە دەكرێت، رووداوەكەش ناكۆكی ناوخۆیی نێوان پارتی و یەكێتی زیاتركرد.

قوباد تاڵەبانی چووە بەغدا و لەگەڵ باڵیۆزی توركیا كۆبووەوە؛ و لەوێوە سەردانی ئەنقەرەی كردو گفتوگۆی لەگەڵ هاكان فیدان، سەرۆكی دەزگای میتی توركیا كردووە.

رۆژنامەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، "بەپێی بەدواداچوونەكانی هاوڵاتی، داوا لەقوباد تاڵەبانی كراوە سەرجەم پەیوەندییەكانیان لەگەڵ (پەكەكە)و كوردانی رۆژئاوا بپچڕێنن و هەروەها میت دەستی واڵا بێت لەچاودێری كردنی فڕۆكەخانەی سلێمانی، بەڵام قوباد تاڵەبانی جەختی لەوەكردووەتەوە كەهیچ پەیوەندییەکی فەرمی لەنێوان یەكێتی نیشتمانی كوردستان و پەكەكەدا نییە."

هەروەها ئەوەشی رەتكردووەتەوە "كەدەزگای هەواڵگری میت لەنزیكەوە چاودێری فڕۆكەخانەی سلێمانی بكات، چونكە پێی راگەیاندوون فڕۆكەخانەیەكی مەدەنییە و هیچ كەسێك كەجێگەی گومان بێت لەم فڕۆكەخانەیەوە سەردانی دەرەوەی نەكردووە."

ئاماژە بەوەشکراوە، "قوباد تاڵەبانی دوای هاتنەوەی گفتوگۆی لەبارەی داواكارییەكانی توركیاوە لەگەڵ چەند بەرپرسێكی یەكێتی ئەنجامداوەو دوو بۆچوون خراوەتەڕوو كە بۆچوونی زۆرینەیان ئەوە بووە كە پەیوەندییەكانی یەكێتی لەگەڵ كوردانی رۆژئاوا ئاشکرایەو نهێنی نییە، بەڵام ئەوە دووپاتكراوەتەوە كەپەیوەندی فەرمی لەنێوان پەكەكەو یەكێتی نییە، هەروەها بۆچوونی زاڵ لەنێو یەكێتی ئەوەیە كەچاوەڕێی هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی كۆمارو پەرلەمانی توركیا دەكەن كە بڕیارە لە 14ی ئایار ئەنجامبدرێت.  ئەگەر پارتەكەی ئەردۆغان سەركەوتوو نەبوو ئەوا لەگەڵ پارتی براوە گفتوگۆی چڕ دەستپێدەكەن، ئەگەر ئەردۆغان بردیەوە ئەوە گفتوگۆیان لەگەڵ دەكەن لەڕێگەی كەناڵە دبلۆماسییەكانەوە، بەڵام قوباد تاڵەبانی ئەوەی دووپاتكردووەتەوە كە فڕۆكەخانەی سلێمانی مەدەنییەو رێگە نادەین دەزگای هەواڵگری میت بوونی هەبێت تێیدا."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×