دوای دو رۆژ "بكوژه‌كه‌ی ناو فاملی مۆڵ" ده‌ستگیرنه‌كراوه‌ و نوێنه‌ری هه‌ده‌په‌ش زانیاری نوێ ئاشكرا ده‌كات
  2023-04-19       867       

دوای تێپه‌ڕبونی دو رۆژ، تائێستا بكوژی هاوڵاتییه‌كه‌ی باكوری كوردستان له‌ ناو بازاڕی  فاملی مۆڵ له‌ دهۆك ده‌ستگیرنه‌كراوه‌، نوێنه‌ری پارتی دیموكراتی گه‌لان (هه‌ده‌په‌) له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌ڵێت، ئه‌و هاوڵاتییه‌ سیاسه‌تمه‌دار بوه‌ و "به‌هۆی كاری سیاسیییه‌وه‌ كوژراوه‌"، ده‌شڵێت، "فشاری زۆری توركیامان له‌سه‌ره‌ و به‌ ناچاری له‌ هه‌رێم ماوینه‌ته‌وه‌".

ئاوێنە: موسا خالید، نوێنه‌ری پارتی دیموكراتی گه‌لان (هه‌ده‌په‌) له‌ هه‌رێمی كوردستان ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، 17ی ئه‌م مانگه‌ سیاسه‌تمه‌دارێكی باكوری كوردستان له‌ ناو فاملی مۆڵی دهۆك تیرۆركرا و "جارێكی دیكه‌ هاوڕێیه‌كمان له‌لایه‌ن توركیاوه‌ شه‌هیدكرا، ئه‌وه‌ش له‌چوارچێوه‌ی هه‌وڵه‌كانی ئه‌و وڵاته‌ كه‌ ماوه‌ی دو ساڵه‌ فشاره‌كانیان له‌سه‌ر ئێمه‌ چڕبوه‌ته‌وه‌".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "بكوژی هاوڵاتیانی باكوری كوردستان له‌ هه‌رێمی كوردستان رزگاریان ده‌بێت و ده‌چنه‌وه‌ توركیا، له‌كاتێكدا ئێمه‌ ده‌ڵێین هه‌رێمی كوردستان ئارامه‌، به‌ڵام جێگه‌ی پرسیاره‌ كه‌ بكوژه‌كان رزگاریان ده‌بێت و بكوژان ده‌ستگیر ناكرێن، له‌ماوه‌ی دو ساڵیشدا زیاتر له‌ چوار هاوڵاتی باكور شه‌هیدكراون".
 
نوێنه‌ری هه‌ده‌په‌ نیگه‌رانی خۆی له‌ پێشوازیكردن له‌ ئیبراهیم تاتڵیساس له‌ شاری هه‌ولێر ده‌رده‌بڕێت و ده‌ڵێت، "له‌ هه‌ولێر پێشوازی له‌ خۆفرۆشێك ده‌كرێت و ئێمه‌ش ئه‌مڕۆ ته‌رمی هه‌ڤاڵێكمان له‌ دهۆكه‌وه‌ ره‌وانه‌ی توركیا ده‌كه‌ینه‌وه‌، ئه‌وه‌ ئیهانه‌یه، وه‌كو سیاسه‌تمه‌داری باكور ڕومان له‌ هه‌رێمی كوردستان كردوه‌ و په‌نابه‌رین، داوا له‌ حكومه‌تی هه‌رێم ده‌كه‌ین كه‌ هاوڵاتیانمان بپارێزن و هێرشی توركیا له‌ شاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان بوه‌ستێنن".


كاتژمێر 8:30 خوله‌كی شه‌وی 17ی ئه‌م مانگه‌، لەناو بازاڕی فاملی مۆڵ له‌ شاری دهۆك هاوڵاتییەک کە خەڵکی باکوری کوردستانە لەلایەن تۆمەتبارێکەوە بەگوللـە کوژرا، ئه‌وه‌ش یه‌كه‌مین روداوی له‌و شێوه‌یه‌ نیه‌ و له‌ماوه‌ی رابردوشدا له‌ هه‌ولێر و سلێمانی ده‌ستڕێژی گولله‌ له‌ هاوڵاتیانی باكور كراوه‌.
 
هه‌ر له‌باره‌ی ئه‌و دۆسیه‌یه‌وه‌، هێمن سلێمان، وته‌بێژی پۆلیسی پارێزگای هه‌ولێر ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ به‌ خه‌ندان-ی راگه‌یاند، "تاوه‌كو ئێستا هیچ زانیاریه‌كی نوێ نیه‌ و ئه‌گه‌ر هه‌ر شتێك هه‌بێت له‌سه‌ر دۆسیه‌كه‌ بڵاویده‌كه‌ینه‌وه‌"، ئه‌وه‌ش وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ تائێستا بكوژی روداوه‌كه‌ و هیچ كه‌سێكی دیكه‌ ده‌ستگیرنه‌كراوه‌.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×