بەقسەی هێڤیدار ئەحمەد، پەرلەمانتاری پارتی لە پەرلەمانی كوردستان، هەمو مانگێك لەسەدا 83ی موچەی فەرمانبەرانی هەردو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە لە هەولێرەوە بەكاش دەنێردرێت و تەنیا دەبێ ئیدارەی سلێمانی لەسەدا 17ی باقیەكەی لە داهاتی ناوخۆ دابین بكات بەڵام دەڵێن نییە.
ئاوێنە: هێڤیدار ئەحمەد، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە نوسینێكدا لە لاپەڕەی خۆی لە فەیسبوك لەبارەی داهاتی ناوخۆی سلێمانی ئەوەشی وتوە"635 پسوڵەی پارەی وەرگرتن، پسۆڵەی (38آ) پارە وەرگیراوەو یەک دینار نەبوەتە داهات و نەگەڕاوەتەوە خەزێنەی ئیدارەی سلێمانی و کەسیش نازانێ کێ خواردویەتی، تاوەکو موچەی پێ بدرێت."
وتوشیەتی"500 ملیۆن دینار وەک مینحە دراوە بە پارێزگای هەڵەبجە، یەک دیناری نەبوەتە موچەو ئۆتۆمبێل و ئەم و ئەوەی پێ چاککراوەو ژۆرێکیان لەسەر بانی خانویەك کە فەرمانگەیەکی حکومەتی بە کرێ تێدایە، بە نزیکەی 102 ملیۆن دینار چاککردوە!، لە کوێی دنیا هەیە ژۆرێک بە 102 ملیۆن دینار چاککبکرێت؟"
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی هێمای بۆ ئەوەش كردوە"10200 دەرزی جۆری ریمیکید بە 650$ دولار کڕدراوە کە وایان نیشانداوە ئەسڵییەو دەرزییەکە دەرچوە تەقلیدەو لە بازاڕ بە تاک بیکڕی بە 250 دولارەو تەنیا لەم کەیسەدا شەش ملیۆن و 630 هەزار دولار دراوە بەو دەرزیانە کە لەئەسڵدا دەرزییەکە ئەسڵ نەبوەو تەقلید بوە، ئەوە هەمو پارەی خەڵکی سلێمانی بوە کە دەبوایە بە موچە بدرایە، کەچی دەیدەن بە کۆمپانیایەکی دەرمان و بە ملیۆنەها دۆلار لەسەر حیسابی موچەخورانی سلێمانی قازانج دەکەن."
بەپێی قسەی هێڤیدار ئەحمەد، "دو ملیارو 381 ملیۆن دینار موچەی 24 فەرمانبەری نەخۆشخانەیەک لە ماوەی 5 ساڵ دراوەو یەک کەس لەو 5 ساڵە لەو نەخۆشخانەیە چارەسەری وەرنەگرتوەو ئەو هەمو پارەیەش بەناوی موچە خوراوە."
ئاماژەی بەوەشداوە "یەک بانکی سلێمانی نەبەستراوەتەوە بە سیستەمی ئەلیکترۆنی بانکەکانی کوردستان تاوەکو موچەی بندیوارەکان ئاشکرانەبن و نەزانرێت ئەو داهاتەی داخیلی بانکەکان دەبێ چی لێ دێت."
بەقسەی پەرلەمانتارەكەی پارتی "تەنیا (16٪)ی داهاتی باج لە هەرێمی کوردستان لە سلێمانی کۆدەکرێتەوەو تۆماردەکرێت، ئەوی دیکە لە کۆمپانیاکانی خۆیانی وەرناگرن و باقی پارەکەی دیکەش نازانرێت چی لی دێت و ناگەڕێتەوە خەزینەی حکومەت تاوەکو موچەی خەڵکی سلێمانی پێ نەدرێت."
جەختیشی كردۆتەوە كە "100٪ دڵنیابن لەوەی 250 دیناریش لە ماف و داهاتی سلێمانی لە هەولێر نامینێت و دێت بو سلێمانی، یەک دیناریش لە هەولێر نامێنێت کە هی سلێمانییە و هەموی دەگەڕێتەوە بۆ سلێمانی."