زیاد جەبار: مەلیكە لە هەولێر تۆمار دەكەن بۆ ئەوەی داهاتەكەی بۆ سلێمانی نەگەڕێتەوە
  2023-04-19       651       

زیاد جەبار، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی باس لە كورتهێنانی خەرجی مانگانە لە سنوری پارێزگای سلێمانی دەكات و دەشڵێت، ئۆتۆمبێلی "مەلیكە لە هەولێر تۆمار دەكەن بۆ ئەوەی داهاتەكەی بۆ سلێمانی نەگەڕێتەوە."

ئاوێنە: زیاد جەبار، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە، بە میدیای رەسمی حزبەكەی راگەیاند"داهاتی ناوخۆی ئەم مانگەی سلێمانی 61 ملیارو  361 ملیۆن دینار بوە."

ئەوەشی خستۆتەڕو"لەماوەی 8ی مانگی رابردودا 242 ملیارو 438 ملیۆن دینار كورتهێنانی مانگانە هەبوە لە سنوری پارێزگای سلێمانی، ئێ تەبعەن هەرچی پارەی بانكەكانی سلێمانی هەیە دەبێت بۆ ئەم كورتهێنانە بڕوات بۆ ئەوەی موچە بدرێت."

جەختیشی كردۆتەوە كە "كابینەی نۆیەمی حكومەت هەر لە سەرەتاوە كۆمەڵێك خەڵسەتی هەبوە كە یەكەمیان تۆخكردنەوەی دو ئیدارەیی بوە."

بەقسەی سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی "داهاتی سلێمانی بە هەردو مەرزەكەیەوە ناكرێت بەراورد بكرێت بە مەرزی ئیبراهیم خەلیل." وتوشیەتی"12 دەروازەی سنوری هەیە كە هەرێمی كوردستان بە عێراق‌و وڵاتانەوە هەیەتی، ساڵی رابردو ئەم دەروازانە بەبەهای 6 ملیار دۆلار ئاڵوگۆڕی بازرگانییان تێدا بوە، بەڵام تاكە دەروازەی عێراق‌و هەرێمی كوردستان بە توركیاوە كە ئیبراهیم خەلیلە، ساڵی رابردو لە سەرو 20 ملیار دۆلاری ئاڵوگۆڕی تێدا بوە، ئەمە چۆن بەراورد دەكرێت؟"

وتوشیەتی"بەهەمو شێوەیەك لەهەوڵی ئەوەدان داهاتەكانی سلێمانی بگەڕێتەوە بۆ هەولێر، ئێستا لە هاتوچۆی هەولێر خەریكی ئیشكردنن بۆ ئەو جۆرەی ئۆتۆمبیلەی پێی دەوترێت (مەلیكە)، ئێستا ئەوانەی سلێمانیش دەبێت بچن لەوێ تۆماری بكەن، ناهێڵن ئەم ئۆتۆمبیلانە لە سلێمانی تۆمار بكرێن."

ئاماژەی بەوەشداوە "ئەم مانگە بڕی 25 ملیارو 761 ملیۆن دینار خەرجی سلێمانی بوە، ئەم پارەیە لە داهاتی سلێمانی دراوە، داهاتی سلێمانی سلێمانی 61 ملیارو  361 ملیۆن دینار بوە، كردویانەتە سەر سلێمانی كە دەبێت 73 ملیارو 960 ملیۆن دینار تەمویلی موچە بكات لەسەر داهاتی ناوخۆ، لەولاوە 15ملیارو 500 ملیۆن دینار بۆ خەرجییە سیادییەكانی هەرێم لەداهاتی سلێمانی بڕدراوە، داشیان ناوە سلێمانی بەرێژەی 43% لە داهاتی خۆی تەمویلی موچە بكات."

هێمای بۆ ئەوەش كردوە"ئەو جیاوازییەی كە دەكرێت تەنیا لە موچەدا نییە، بەڵكو لە رێگاوبان‌و پرۆژە خزمەتگوزارییەكان‌و پارەی خۆڵ‌و خاشاك‌و پرۆژەكانی وەبەرهێنانە، لە هەمو رویەكەوە جیاوازی دەكرێت."

ئەوەشی وتوە"لەماوەی پێنج ساڵی رابردودا هیچ كەسێك لە حكومەتی هەرێمی كوردستان غەیری خۆیان نەبێت نازانێ داهاتی نەوت چەند بوە، بەدەلیلی ئەوەی لە پێنج ساڵی رابردودا ئەنجومەنی نەوت‌و غاز یەك كۆبونەوەی نەكردوە."

جەختیشی كردەوە"تەحەدا ئەكەم لەو 400 ملیار دینارەی كە بەغدا ناردی، یەك دیناری نەهاتوەتە سنوری سلێمانی."

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×