بەپێی راپۆرتێكی دەنگی ئەمریكا، یەکێتی و پارتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە کاتی دیاریکراودا، بە دور دەزانن و دەڵێن لەسەر ئەنجامدانی نەگەشتونەتە ڕێککەوتن. بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەكێتی دەڵێت "مەگەر هەڵبژاردن بۆ هەولێرو دهۆک بکەن."
ئاوێنە: ئەندامێکی شاندی دانوستکاری پارتی دیموکراتی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، ئەوان ئامادەن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن، بەڵام نەیشاردەوە کە هیچ ڕێککەوتنێکیان نەکردوە لەوە بارەیەوە، هەرچەندە بەشی زۆری مەرجەکانی یەکێتیان قبوڵ کردوە.
لە بەرامبەردا ڕزگار حاجی بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتی، وتی، "مەگەر هەڵبژاردن بۆ هەولێر و دهۆک بکەن."
عەبدولسەلام بەرواری، ئەندامی شاندی دانوستکاری پارتی، بە دەنگی ئەمەریکای وت، "ئەم گرژیەی ئێستا دروست دەبێت لەبەر بابەتی هیچ و بێ مانایە. ئەگەر هەمومان نیازمان هەبێت هەڵبژاردن بکرێت کەی کێشەیە، ئێمە بە دەستی یان بە ئەلکترۆنی دەنگەکان دەژمێرین، شتی زۆر ورد دەکرێتە بیانو. بۆیە تەسەور ئەکەم وا بڕوات کۆبونەوەکان ناکرێت، واتە هەست دەکەیت نیازیان نییە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن."
لە بەرامبەردا، ڕزگار حاجی بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتی، دواکەوتنەکە دەبەستێتەوە بەوەی کە کۆمسیۆن ئامادەکاری نەکردوە و ڕێکنەکەوتون لەگەڵ پارتی.
ڕزگار حاجی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "مەگەر هەڵبژاردن بۆ هەولێر و دهۆک بکەن، ئەوە شتێکی ترە. ئەگەر نا کۆمیسیۆن ماوەی بەسەرچوەو دەبێت کارابکرێتەوەو یاساکە هەمواربکریتەوە. هەمو لایەنەکان کۆبونەوەمان کردوەو نەگەشتوینەتە رێککەوتن. گەر هێزەکان بەشداری هەڵبژاردن بکەن دەبێت یاساکە هەموار بکریتەوەو پیکهاتەکانیش چۆن لە عێراق کورسی کۆتای پێکهاتەکان دابەشکراوە لەکوردستانیش دابەش بکرێ."
لە ڕێکەوتی 26/3/2023 بەپێی فەرمانێکی مەڕسومی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان 18/11/ 2023 دیاریکراوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن. بەڵام یەکێتی و پارتی لەسەر چەند پرسێکی پەیوەست بە چۆنییەتی هەڵبژاردنەکان ناکۆکن.
عەبدولسەلام بەرواری بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، پارتی ئامادەیە و بەشی زۆری مەرجەکانی یەکێتی قبوڵ کردوە.
ئەندامەکەی شاندی دانوستکاری پارتی، بە دەنگی ئەمەریکای وت، "وەک کێشە هیچ کێشەمان نییە، بەڵام لەڕاستیدا هیچ ڕێککەوتنێکیش نییە. ئێمە وەک خەڵكی تر نین. لایەنەکانی تر چەند بازنەییان ویست وتمان باشە، هەرچەندە باوەڕمان پێی نەبو. یاخود وتیان با نیو کورسی کراوە بێت و نیو داخراو بێت وتمان باشە، وتیان با ژمارەی کورسییەکان لەسەر بنەمای ئەو دابەشکاریەی عێراق بێت، خۆت ئەزانی 11 بۆ دهۆک، 15 بۆ هەولێرو 18 بۆ سلێمانی و هەڵەبجە، ئەگەر بەڕێژەی سەدی وەریگرین واتە سەدا 41 بۆ سلێمانی هەر وتمان باشە. ئێمە وتمان هەر ڕازین ئەگەر بە دڵی ئێمەش نەبێت، بەڵام لایەنەکانی تر هەر ڕازی نەبون."
لەگەڵ ئەوەی فشارێکی زۆری کۆمەڵگەی نێو دەوڵەتی هەیە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن، بەڵام پێناچێت کاریگەری لەسەر ڕای حزبەکان بۆ ڕێککەوتن هەبێت، لەو بارەیەوە ڕزگار حاجی ڕایگەیاند "نەتەوە یەکگرتوەکان ئاگادارە کێشەیەک هەیە لە یاسای هەڵبژاردنەکان لەسەر مەسەلەی پێکهاتەکان و کورسی پێکهاتەکان کە هێشتا نەگەشتوینەتە رێککەوتن. نەتەوە یەکگرتوەکان پیشنیاری کردوە کورسی پیکهاتەکان بەسەر پاریزگاکان دابەشبکرێ، دو کورسی مەسیحی و تورکمان لەسنوری سلێمانی بێت. بەڵام لەسەر ئەو بابەتانە نە کۆبەنەوە کراوە نە ریککەوتن کراوە. پێشنیاری ئێمە و پارتی بوە نەتەوە یەکگرتوەکان پێشنیار بینێتە پێشەوە مناقشەی لەسەر بکرێت."