لە یەمەن لەکاتی دابەشکردنی هاوکاری ماددی زیاتر لە 85 کەس گیانیان لەدەستدا
  2023-04-20       696       

ئەمرۆ لەکاتی دابەشکردنی یارمەتییە داراییەکان کە بڕەکەی تەنها 19 دۆلارە، لە سەنعای پایتەختی یەمەن، زیاتر لە 85 کەس گیانیان لەدەستدا.

ئاوێنە: بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی فرانس پرێس، بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 20ی نیسان 2023، لەکاتی دابەشکردنی یارمەتییە داراییەکان لە سەنعای پایتەختی یەمەن، زیاتر لە 85 کەس گیانیان لەدەستدا و 322 کەسی دیکەش برینداربوون، ئەمەش یەکێکە لە گەورەترین رووداوەکانی جیهان لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا، حوسییەکانیش پێکهێنانی لیژنەیەکی ئەمنییان بۆ لێکۆڵینەوە لەو رووداوە راگەیاند.

دوای رووداوەکان، موعەمەر ئاریانی، وەزیری راگەیاندنی حکومەتی یەمەن، رایگەیاند: بکوژە تاوانبارەکان دۆخەکەیان گەیاندە ئەم حاڵەتە دڵتەزێنە کە مەبەستی "حوسییەکانە."

لەو چوارچێوەیەدا، بەرپرسێکی ئەمنی حوسییەکان رایگەیاند: "85 کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 322 کەسیش برینداربوون کە 50 کەسیان باری تەندروستییان ناجێگیرە".

بەرپرسێکی پزیشکی دەرئەنجامی رووداوەکەی پشتڕاست کردەوە کە لە ناوچەی باب ئەلیەمەن لە ناوەڕاستی شاری سەنعا رووی داوە،  ئەو بەرپرسە ئەمنییە دەشڵێت: لە ناو مردوواندا ژن و منداڵیش هەن.

ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، رووداوەکە لەناو قوتابخانەی موعین روویداوە، کە سەدان کەس لەوێ کۆبوونەتەوە بۆ وەرگرتنی هاوکاریە ماددیەکە، بەپێی گێڕانەوەی شایەتحاڵەکان، هەندێک دەیانگوت تەقەی دەمانچە بووەتە هۆی دەستپێکردنی ئەو کارەساتە.

کارەساتەکە لەگەڵ نزیکبوونەوەی جەژنی رەمەزان روویداوە، لەو ماوەیەدا کە زۆرجار بڕە پارە و یارمەتییەکان بەسەر هەژاراندا دابەشدەکرێن. بڕی پارەکەش تەنها 5 هەزار ریاڵە کە دەکاتە نزیکەی 19 دۆلاری ئەمریکی.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×