سەرۆك وەزیرانی عێراق دەیەوێت گۆڕانكاریی لەپۆستی چەند وەزیرێكی كابینەكەی بكاتو پێنج وەزیر لەکابینەکەی بگۆڕێت.
ئاوێنە: وتەبێژی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی عێراق یەکێکە لەحزبەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی ئاشکرایدەکات، کە محەممەد شیاع سودانی دەیەوێت لەماوەی دوو مانگی داهاتودا گۆڕانکاریی لەچەند وەزیری کابینەکەی بکاتو چوارچێوەی هەماهەنگیش پشتیوانی هەر هەنگاوێكی سودانی دەکات.
عەلی دەفاعی وتەبێژی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی عێراق، "گۆڕانکاریی وەزاری لەکابینەکەی سودانی دەکرێت، وەک خۆی پێشتر باسی کردوە، لیژنەیەک لەوبارەیەوە پێکهێنراوە بۆ بەداوداچون لەکارەکانی وەزیرەکان، ئەم هەنگاوە یەکەمجارە لەعێراق ڕوو بداتو ئێمەش وەک چواچێوەی هەماهەنگی پشتگیریی تەواوی سودانی دەکەین".
هەر لەسەرەتای دەستبەکاربونیەوە، سەرۆکوەزیرانی عێراق محەممەد شیاع سودانی ئاشکرایکرد، کە کار لەسەر بنبڕکردنی گەندەڵی دەكات، نزیکەی حەوت مانگ بەسەر دەستبەکاربونی کابینەکەی سودانی تێپەریوە، بەڵام هێشتا نەتوانراوە گەندەڵکاران دەستگیربکەن.
بەگوێرەی زانیارییەکان سەرۆک وەزیرانی عێراق دەیەوێت پێنج وەزیر لەکابینەکەی بگۆڕێت، ئەویش بەهۆی بنبڕنەکردنی گەندەڵی لەوەزارەتەکانیان، لەبەرامبەریشدا بەڕای شارەزایانی سیاسی، ئەم هەنگاوەی سودانی، عێراق بۆ چوارگوشەی یەکەم لەدەستبەکاربونی حکومەت دەگەڕێنێتەوە.