مەسرور بارزانی: نابێت مووچە و قووتی خەڵک تێکەڵ بە کێشە سیاسییەکان بکرێت
  2023-04-20       309       

سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پەیامێكی بڵاو كردەوە و ڕایدەگەیەنێت: "نابێت هیچ کەس و لایەنێک لە هیچ شوێنێکی هەرێم ڕێگر بێت لە پرۆسەی دابەشکردنی مووچە."

ئەمڕۆ پێنجشەممە 20/4/2023، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پەیامێكی بڵاو كردەوە و دەڵێت: "ئێمە لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان خزمەتی هاووڵاتییانی خۆمان دەکەین و وێڕای هەموو کۆسپ و تەگەرە و فشارەکان، لە هەوڵی بەردەوامداین بۆ ئەوەی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیانمان باشتر بکەین."

سەرۆكی حكوومەت ئەوەشی خستە ڕوو: "ئێمە لە قۆناغە سەختەکانی کۆرۆنا و فشارە ئابوورییە ناوچەیی و جیهانییەکان، توانیمان لە مووچەدان و سەقامگیرکردنی باری ئابووریی هەرێم بەردەوام بین، لەمەولاش بە یارمەتی خوای گەورە و پاڵپشتی هاووڵاتیانمان لە خزمەتیان بەردەوام دەبین و گەشبینین بە باشتربوونی ڕەوشی هەرێم لە هەموو ڕوویەکەوە."

مەسرور بارزانی جەخت لەوەش دەكاتەوە: "نابێت هیچ کەس و لایەنێک لە هیچ شوێنێکی هەرێم رێگر بێت لە پرۆسەی دابەشکردنی مووچە. نابێت مووچە و قوتی خەلک تێکەڵ بە ململانێ و کێشە سیاسییەکان بکرێت. پێویستە داهاتی وڵات بۆ خزمەتی هاووڵاتیانمان بێت و دەبێت هەموو ئەو کەسانەی ئەو پرۆسەیە پەک دەخەن، لە بەرامبەر خەلک و یاسادا بەرپرسیار بن."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×