2023-04-20   383     
پارتی لە پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، هەوڵی کەمکردنەوەی پشکی هەرێم لە بودجەی عێراق دەدرێت.
چیای تەیموور، پەرلەمانتاری پارتی لە پەرلەمانی عێراق بۆ میدیای پارتی ڕایگەیاند، "ناحەز زۆرن و دەیانەوێ موزایەدەش بکەن و دەنگی شەقام بەدەستبێنن، ئێستا شتێک دروستبووە کە ھەر کەسێک دژی ھەرێمی کوردستان قسە بکات دەنگی زیاترە و لە ھەڵبژاردن دەنگی زیاتر دەبێت، بۆیە ئەوە دەقۆزنەوە ئەگەرنا ئەوانیش دەزانن ئەوە پشکی ئێمەیە و کەمتریشە لە مافی خۆمان چاوەڕوانی ئەوە دەکەین کە کەسانێک ھەبن ئەو رێککەوتنەی لەنێوان حکومەتی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق ھەیە تێکی بدەن."
سروە محەممەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕاشیگەیاند :"بڕوا ناکەم توانای ئەوەیان ھەبێت، چونکە ئێمە ھەموومان وەک نوێنەرانیی ھەرێمی کوردستان یەکدەنگ و یەک رەنگین کە دەبێت بودجەی ھەرێمی کوردستان وەک خۆی بڕوات".
ئەو پەرلەمانتارە باس لە خاڵێكی دیکە دەکات کە "زۆر" گفتوگۆیان لەسەر کردووە و دەڵێت، "پشکی پێشمەرگە لە ساڵی 2014وە نەنێردراوە ئێمە داوامان کردووە ئەو پشکەش یان بخرێتە سەر پشکی ھەرێمی کوردستان یان بەشە بودجەیەکی تایبەت بنێردرێت بۆ وەزارەتی پێشمەرگە و لەوێ دابەشبکرێت."
لە دوای ساڵی 2014 ھەمیشە پشکی ھەرێمی کوردستان لە بودجە دیاریکراوە، بەڵام نەنێردراوە بۆ ئەمساڵ دوای رێککەوتنی ھەولێر و بەغدا لەسەر پرسی ناردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان چاوەڕێ دەکرێت دوای پەسندکردنی پڕۆژەیاسای بودجە پشکی ھەرێمی کوردستان رەوانە بکرێت.