بانكی ناوەندیی هەرێم لە سلێمانی: وەزارەتی دارایی بەدەم چارەسەری گرفتی موچەخۆرانەوە نەهات
  2023-04-20       310       

بانكی ناوەندیی هەرێم لە سلێمانی رایگەیاند، وەزارەتى دارایى بە دەم چارەسەرى گرفتى موچەخۆرانەوە نەهات تا کورتهێنان لە موچەى پێشمەرگەى ئەیلول و گوڵان رویدا.

ئاوێنە: بانكی ناوەندیی هەرێم لە سلێمانی، لە راگەیەندراوێكدا وتی"ئەو هەواڵ و دەنگۆیانە لەبارەی راگرتنی موچەی توێژێکی دیاریکراو لەسنوری سلێمانی راست نین و ئێمە پێشتر چەندین جار رامانگەیاندوە کە؛ کێشەی کەمی داهات و سیولەمان هەیە، بەهیچ بڕیارێک یا نییەتێکی خراپ قسەمان لەسەر راگرتنی موچەی کەس نەکردوە و ئەوە ئیتیکی ئێمە نییە."

وتوشیەتی"بەڵام ئەوەی سەیرە بەلامانەوە کە بەڕێوەبەرى گشتى بانکە بازرگانییەکانى هەرێم، لە کەناڵەکانی راگەیاندن ئاماژەیان بەوە داوە کە ئەوان فەرمانى ئەوەیان داوە کە دابەشکردنى موچەى خانەنشینانى پێشمەرگەى دێرینى یەکێتىی نیشتمانیی کوردستان لە هەولێر راگرن، ئەمەش پێچەوانەى سەرجەم رێکارە ئیداری و یاساییەکانە، نازانین بە چ دەسەڵاتێک و بە چ وێژدانێک ئەم فەرمانەی دەرکردوە، بۆیە داوای لێپرسینەوەی لێدەکەین لەسەروی خۆیەوە."

ئاماژەی بەوەشداوە "بە فەرمانى وەزارەتى دارایى حکومەتى هەرێمى کوردستان بۆ موچەى مانگى (2 + 3ى 2023) لەگەڵ بودجەى سیادى داواى 181 ملیار دینار لە ئیدارەى سلێمانى کراوە، ئەمە لەکاتێکدا لەماوەى رابردودا بە چەندین یاداشت وەزارەتمان ئاگادار کردوەتەوە لە  دۆخی داهاتی دارایی ئیدارەى سلێمانى کە لەتوانایدا نییە بڕى داواکراو دابین بکات بۆ موچە پێش جەژنى رەزامەنى پیرۆز، بەڵام بەهەند وەرنەگیرا."

جەختیشی كردۆتەوە"بەڕێوەبەرایەتى گشتى بانکە بازرگانییەکان و وەزارەتى دارایى بە دەم چارەسەرى گرفتى موچەخۆرانى هەرێمەوە نەهاتن تا ئەو کاتەى کورتهێنان لە موچەى خانەنشینى پێشمەرگەى ئەیلول و گوڵان رویدا، هەروەک بۆ سەرجەم فەرمانبەرانى وەزارەتەکانى وەک شارەوانى و گەشتوگوزار ئاوەدانکردنەوە و خانەنشینى پێشمەرگە دروست بو، بەڵام نەهاتنە دەنگ. کەچى بەخەمێکى قوڵ و داخێکى گران ئەمڕۆ هاتنە سەرخەت چونکە توێژێکی تایبەت موچەکانیان کەمێک دواکەوت."

ئەوەشی خستۆتەڕو"بەر لە سەرەتاى دروستبونى گرفتەکە نوسراوى فەرمیمان ناردوە بۆ جەنابى وەزیرو سەرجەم لایەنى پەیوەندیدار کە موچەى تێکۆشەرانى خانەنشینى ئەیلول و گوڵان بەهیچ شێوەیەک نەوەستاوەو تاکو ئێستا دابەش دەکرێت وەک لە خشتەى فەرمى بڵاوکراوەى وەزارەتى دارایى و ئابورى دیارى کراوە. لەئێستاشدا ئامادەیی تەواومان هەیە بەبونى سیولەى پێویست لە بانکەکانى سنورەکە تا درەنگانى شەو و لەرۆژانى جەژنى رەزمەزانى پیرۆزیش موچە دابەشبکرێت و هیچ جیاکارییەک لەهیچ شەریحەیەک نەکراوە لەدابەشکردنى موچە بەسەر سەرجەم چین و توێژەکان بە تێکۆشەرانى خانەنشینى پێشمەرگەو ئەیلول و گوڵانیشەوە."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×