لە عێراق كوردو سوننە سبەینێ و شیعە شەممەی كردە جەژن
  2023-04-20       435       

هەرێمی كوردستان و دیوانی وەقفی سوننە رایانگەیاند، سبەی هەینی یەكەم رۆژی جەژنی رەمەزانە، بەڵام مەرجەعی باڵای شیعەكان لە عێراق دەڵێت، ئەم ئێوارەیە مانگ نەبینراوەو دوسبەی شەممە، یەكەم رۆژی جەژنی رەمەزانە.

ئاوێنە: لیژنەی باڵای بینینی مانگ لە وەزارەتی ئەوقافی هەرێمی كوردستان، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئاشكرایكرد، بەپشت بەستن بە بەڵگە شەرعییەكانی بینینی مانگ و هەماهەنگیمان لەگەڵ ئەندامانی لیژنە لاوەكییەكانمان بۆ چاودێریكردنی بینینی مانگ لەسەر ئاستی هەمو پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان و ئیدارە سەربەخۆكان، لەبەر هەبونی بەڵگەی شەرعی پێویست دەركەوتوە كە مانگ لەئاسمانی هەرێمی كوردستان بینراوە، بۆیە لیژنەی باڵای بینینی مانگ رایدەگەێنێت كە سبەی هەینی 21/4/2023 زایینی یەكەمین ڕۆژی جەژنی رەمەزانی پیرۆزە.

بەرلەوەش دیوانی وەقفی سوننی عێراق لە راگەیەندراوێكدا وتی، سبەی هەینی یەكەم رۆژی جەژنی رەمەزانە.

بەڵام دوابەدوای ئەوە نوسینگەی ئایەتوڵا عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەكانی عێراق، لە راگەیەندراوێكدا وتی، لەسەر بنەمای ئەوەی كە ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە لە ناوچەكەمان مانگ نەبینراوە، بۆیە سبەی هەینی دوایین رۆژی مانگی رەمەزان و رۆژی شەممەش یەكەم رۆژی جەژنی رەمەزان دەبێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×