وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە: زانیارییەكانی هێڤیدار ئەحمەد رەتدەكەینەوە
  2023-04-20       807       

وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردنی هەرێمی كوردستان دەڵێت، ئەو زانیارییانەی هێڤیدار ئەحمەد، پەرلەمانتاری پارتی كە لەبارەی دیارنەمانی پارەی سلێمانی و تەزویركردنی جۆرە پسوڵەیەك خستونییەتەڕو، رەتدەكەینەوە.

ئاوێنە: وەزارەتەكە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە رونكردنەوەیەكدا وتویەتی"لە بەرنامەیەکی تەلەفیزیۆنیدا بەڕێز هێڤیدار ئەحمەد، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان باسی دیارنەمانی پارەی سلێمانی و باسی جۆرە پسوڵەیەک دەکات کە گوایە تەزویرکراوە لە بەڕێوەبەرایەتی وێستگەی کێش لە سلێمانی کە سەربە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردنە، ئێمە وەک وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن زانیارییەکانی ئەو پەرلەمانتارە رەتدەکەینەوە."

ئەوەشی خسۆتەڕو"بابەتی دیارنەمانی پارەو ئەوەی ئەو پەرلەمانتارە باسی کردوە هیچ پەیوەندییەکی بە بەڕێوەبەرایەتی وێستگەکانی کێشی سەربە وەزارەتمانەوە نییەو زانیارییەکانی ئەو بەڕێزە دروست نین و پسوڵەی (38آ) پسوڵەی غەراماتی هاتوچۆیەو سەربە وەزارەتی ناوخۆیە، ئەوەی پەیوەندی بە وێستگەکانی کێشەوە هەیە پسوڵەی (37آ)ە کە جۆرێکە لە رسومات."

وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە وتوشیەتی"پەیوەست بەو بابەتەش دیوانی چاودێری دارایی بە دورو نزیک باسی وێستگەکانی کێشی سەربە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردنی نەکردوە."

هەروەها ئاماژەی بەوەشداوە "بۆ بەرچاوڕونی رایگشتی، ئەو کێشەیەی باس دەکرێت کە وەک ئەو بەڕێزە دەڵێت «پسوڵە تەزویر کراوە» لە پسوڵەی غەراماتی هاتوچۆ بوە کە سەربە وەزارەتی ناوخۆیەو لەئێستادا لە دادگایەو لە پرۆسەی لێکۆڵینەوەدایە، ھیچ پەیوەندییەکی بە بەڕێوەبەرایەتی وێستگەکانی کێش و وەزارەتمانەوە نییە."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×