رێواز فایەق: هەرێمی كوردستان تەنها بە بانگەشەی بێ كردار بۆ ئاشتەوایی لە مەترسییەكان ناپارێزرێت
  2023-04-20       369       

رێواز فایەق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان داوا لە لایەنە سیاسییە بەرپرسەكانی هەرێم دەكات قۆناغی ناكۆكیی سیاسی تاقەتپڕۆكێن تێپەڕێنن و دەشڵێت، پاراستنی قەوارەی هەرێم تەنها بە بانگەشەی بێ كردار بۆ ئاشتەوایی لە مەترسییەكان ناپارێزرێت.  بەپێویستیشی دەزانێت "هەمو بەرپرسانی دامەزراوە فەرمی و دەستورییەکان و سیاسییە کاریگەرەکانی گۆڕەپانی سیاسی خۆیان لە لێدوانی توندو زبر بپارێزن."

ئاوێنە: رێواز فایەق، ئەمشەو پێنجشەممە، لە پەیامێكی پیرۆزباییدا بە بۆنەی هاتنەوەی جەژنی رەمەزانەوە، وتویەتی"لەم جەژنە موبارەکەدا داوا لە هەمو لایەنە سیاسییە بەرپرسەکانی هەرێم دەکەین کە بە گیانی نیشتمانپەروەرییەوە قۆناغی ناکۆکیی سیاسی تاقەتپڕوکێن تێپەڕێنن و ئەوەیان لەبەرچاوبێت کە پاراستن و گەشەکردنی قەوارەی سیاسیی هەرێمی کوردستان باڵاترین بەرژەوەندیی گەلی کوردستانەو تەنها بەبانگەشەی بێ کردار بۆ ئاشتەوایی لە مەترسییە هەمەلایەنەکان ناپارێزرێت، بەڵکو پێویستیی بە ئیرادەیەکی سیاسیی بەهێز، خۆنەویستی، دورکەوتنەوە لە خواستی سڕینەوەی ئەویتر و سازشکردن لەسەر بەرژەوەندییە حزبی و کەسییەکان هەیە، ئەمەش هەمومان دەخاتە بەردەم بەرپرسیاریه‌تی و خوای گەورە و میللەتەکەمان چاودێرە بەسەر کارو ڕەفتارو هەڵوێستی هەمومانەوە."

ئەوەشی خستۆتەڕو"هەر لەم بۆنە پیرۆزەداو لەپێناو بەرقەرارکردنی ئارامیی دەرونی بۆ کوردستانیان، بوژاندنەوەی بازاڕو کار و کەسابەتیی هاوڵاتییان و دروستکردنی ژینگەیەکی لەبار بۆ بڕیارو کرداری ئەرێنی بە ئاراستەی باشترکردنی ژیان و گوزەرانیان، بەپێویستی دەزانم کە هەمو بەرپرسانی دامەزراوە فەرمی و دەستورییەکان و سیاسییە کاریگەرەکانی گۆڕەپانی سیاسی خۆیان لە لێدوانی توند و زبر بپارێزن و پشکی خۆیان لە ئەرك و بەرپرسیاریه‌تی بۆ دروستکردنی کەشێکی ئەرێنی جێبەجێ بکەن."

هەروەك داواشی كردوە بەبۆنەی جەژنەوە "بە ڕێکاری یاسایی گونجاو ئەو ڕاگیراو و زیندانییانە ئازاد بکرێن کە تاوانیان ئەنجام نەداوە یان تاوانەکانیان سوکە یان ڕەهەندیی سیاسی وەرگرتوە، بۆ ئەوەی چیتر خێزان و كەسوكاریان لە چاوەروانیدا نەبن و ئازادكردنى ڕۆڵەکانیان بكرێتە جەژنانە بۆیان، لەپێناو بەرجەستەکردنی ڕاستەقینەی بنەماکانی مافی مرۆڤ و ئەو ئازادی و دیموكراسییەتەی كە ساڵانێكی زۆرە گەلەكەمان خەبات لەپێناویدا دەکات."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×