وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عێراق رایگەیاند، لە رۆژانی جەژندا 13 کەس گیانیان لەدەستداوە و 192 کەسیش برینداربوون کە زۆربەیان بەهۆی رووداوی هاتوچۆوە بووە. دەشڵێت، "27 کەسی دیکە بەهۆی یارییە ئاگرینەکان و دەمانچەی مورووەوە برینداربوون".
ئاوێنە: بەدر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عێراق بە ئاژانسی فەرمی هەواڵی عێراقی راگەیاند، لە ماوەی رۆژانی جەژن و پشووەکانیدا وەزارەتی تەندروستی ئاماری رووداوەکانی لە پارێزگا جیاجیاکان تۆمار کردووە کە زۆرینەیان رووداوی هاتوچۆبووە.
دەشڵێت، بەهۆی رووداوە جۆراوجۆرەکانەوە 13 کەس گیانیان لەدەستداوە و 192 کەسی دیکەش برینداربوون.
ئاماژەی بەوەشدا، 27 کەسی دیکەش بەهۆی بەکارهێنانی یارییە ئاگرینەکان و بەمانچەی مورووەوە برینداربوون.
وتیشی، زۆرینەی بریندارەکان دوای ئەوەی چارەسەری پێویستییان بۆ کراوە نەخۆشخانەیان بەجێهێشتووە و ئەوانەشی گیانیان لەدەستداوە تەرمەکانیان رەوانەی پزیشکی داد کراون بەمەبەستی گرتنەبەری رێکاری پێویست.
وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی باسی لەوەشکرد، لە رۆژانی جەژندا کارمەندانی تەندروستی لە ئامادەباشیدابوون بۆ چارەسەرکردنی هەر حاڵەتێکی نەخوازراو کە رووبدات و راستەوخۆش ساڵح حەسناوی، وەزیری تەندروستی بە شێوەی مەیدانی چاودێری رەوشەکەی کردووە.