ئه‌ندامێکی کوردی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق خاوه‌ن پشکه‌کانی بانکی شیمال، که سه‌رجه‌میان کوردن، تۆمه‌تبار ده‌کات به به‌هه‌ده‌ردانی 505 ملیار دینار و رایگه‌یاند، دۆسیه‌که‌یان ره‌وانه‌ی دادگای که‌رخ له به‌غدا کراوه، به‌ڵام خاوه‌نی سه‌ره‌کی بانکی شیمال ئه‌و تۆمه‌ته ره‌تده‌کاته‌وه و هۆکاری "ئیفلاس" بوونی بانکه‌که‌ی بۆ پاره لێدزین ده‌گێڕێته‌وه.
ئاوێنە: بانکی شیمال یه‌کێک بوو له بانکه گه‌وره تایبەتەکانی عێراق و هه‌رێمی کوردستان، به‌ڵام ماوه‌ی شه‌ش ساڵه بانکه‌که ئیش و کاره‌کانی راگرتووه و مایەپوچ بووە و هێشتا مشت‌ومڕ له نێوان خاوه‌ن پشکه‌کانی بانکه‌که‌دا هەیە و بەردەوامن لە یەکتر تۆمەتبار کردن.
سۆران عومه‌ر، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، به ده‌نگی ئه‌مریکای راگه‌یاند، "له لێکۆڵینه‌وه سه‌ره‌تاییه‌کانی ئیداره‌ی بانکی ناوه‌ندی عێراقدا ده‌رکه‌وتووه 505 ملیار دینار له‌لایه‌ن خاوه‌ن پشکه‌کانی ئه‌و بانکه‌وه به‌هه‌ده‌ر دراوه، بۆیه دۆسیه‌که‌یان ره‌وانه‌ی دادگای که‌رخ کراوه".
به‌پێی وته‌ی ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی عێراق، 10 که‌سی خاوه‌ن پشکی بانکی شیمال تۆمه‌تبارن به به‌هه‌ده‌ردانی ئه‌و 505 ملیار دیناره، که یه‌کێکیان نه‌وزه‌ر جاف، خاوه‌نی سه‌ره‌کی بانکه‌که‌یه و دۆسیه‌که‌ی ره‌وانه‌ی دادگا کراوه بۆ لێکۆڵینه‌وه و 145 ملیار دیناری له ئه‌ستۆدایه.
بەڵام نه‌وزه‌ر جاف، ئەو تۆمەتانەی رەتکردەوە و به ده‌نگی ئه‌مریکای راگه‌یاند: "شه‌ریکه‌کانم پاره‌یان لێ دزیووم. لای حکومه‌تی هه‌رێم سکاڵام کردووه و بانکی ناوه‌ندی ئاگاداره. وه‌کیله‌که‌م دزی لێکردووم. پاره خوراوه‌که نزیکه‌ی 160 ملیار دیناره".
وتیشی: "پارێزگاری بانکی ناوه‌ندیم بینیووه، پێی ناخۆش بوو بانکی شیمال که گه‌وره‌ترین بانکی عێراق بوو وایلێهاتووه، بۆیه به‌ڵێنیدا کار له‌سه‌ر داواکارییه‌که‌م بکات. خه‌ریکی لێکۆڵینه‌وه‌ن".
سه‌باره‌ت به‌و 505 ملیار دیناره‌ی خراوه‌ته ئه‌ستۆی خاوه‌ن پشکه‌کانی بانکی شیمال و تۆمه‌تبار ده‌کرێن به به‌هه‌ده‌ردانی، نه‌وزه‌ر جاف وتی: "ئه‌و 505 ملیار دیناره یه‌کێک له شه‌ریکه‌کانمان بردوویه‌تی، دۆسیه‌که ئێستا لای نووسینگه‌ی جێگری سه‌رۆکی حکومه‌تی هه‌رێمه و شکاتم کردووه. لێکۆڵینه‌وه ده‌کرێت و سه‌لماوه پاره‌که لای ئه‌وه نه‌ک من".
سه‌رچاوه‌یه‌ک له نووسینگه‌ی قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆکی حکومه‌تی هه‌رێم کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، ئەوەی بۆ دەنگی ئەمریکا پشتڕاستیکرده‌وه که نه‌وزه‌ر جاف، دۆسیه‌کەی بردووه‌ته لایان. به‌ڵام سەرچاوەکە ئاماده‌نه‌بوو ورده‌کاری زیاتر لەسەر دۆسیەکە بڵێت.
به‌پێی به‌دواداچوونه‌کانی ده‌نگی ئه‌مریکا، له‌سه‌ر بنه‌مای متمانه به بانکی شیمال و به که‌فاله‌تی بانکی بازرگانی عێراق، هه‌ریه‌ک له نه‌وزه‌ر جاف و هیوا ره‌ئوف و چه‌ند بازرگانێکی تر، گرێبه‌ستی بازرگانیان له‌گه‌ڵ کۆمپانیایه‌کی چینی‌دا بە ناوی کۆمپانیای دەلتا ئه‌نجامداوه. ئەو کۆمپانیایە کە لە بواری چیمەنتۆ دا کار دەکات تۆمه‌تباریان ده‌کات به‌وه‌ی 45 ملیۆن دۆلاریان خواردووه، بۆیه ئه‌مه‌ش بووه‌ته دۆسیه‌یه‌کی تر.
هیوا ره‌ئوف، سەرمایەدارێکی شاری سلێمانیە و لەگەڵ نەوزەر جاف پێکەوە لەگەڵ کۆمپانیا چینیەکەدا کاری بارزرگانی چیمەنتۆیان ئەنجامداوە.
نه‌وزه‌ر جاف، وتی: "هیوا رەئوفی شەریکم به زه‌بری هێز و په‌یوه‌ندی که‌سی ده‌ستی گرت به سه‌ر شه‌راکه‌ته‌که‌دا، 45 ملیۆن دۆلاری لایه و پاره‌که‌ی نه‌گه‌ڕاندووه‌ته‌وه بۆ چینیەکان. له دادگا سزای بۆ ده‌رچوو، بۆیه مۆڵه‌تی له‌دادگا وه‌رگرتووه تا بێت له‌گه‌ڵ شه‌ریکه‌کانی دابنیشێت، که من یه‌کێکیانم، یەکلایی کردنەوەی پشکداری بکه‌ین و پاره‌ی چینیەکان بداته‌وه".
مایەپوچبوونی بانکی شیمال وایکردووه چاره‌نوسی پاره‌ی خه‌ڵکێکی زۆر که پاره‌یان له بانکه‌که‌دا بووه به نادیاری بمێنێته‌وه، به‌و پێیه‌ی کێشه یاساییه‌کانی بانکه‌که ئیش و کاره‌کانی راگرتوون.
نه‌وزه‌ر جاف، وتی: "نزیکه‌ی 130 ملیار دیناری کاشمان لای حکومه‌تی هه‌رێم بوو، به‌هۆی قه‌یرانی داراییه‌وه ئه‌و پارانه فه‌وتا. ناچاربووین چه‌کی پاره‌کان به نیوه‌ی نرخ بفرۆشینه‌وه و زیانێکی زۆرمان کرد".
هه‌رته‌نها بانکی شیمال گرفتی یاسایی بۆ دروست نه‌بووه. له مانگی شوباتی ئه‌مساڵ به‌هۆی گرفتی یاسایی و بردنه ده‌ره‌وه‌ی پاره‌وه، بانکی ناوه‌ندی عێراق چوار بانکی تری له کڕین و فرۆشتنی دۆلار دوورخسته‌وه، لە نێوانیان کۆمپانیای ئاسیا‌و شه‌رقولئه‌وسه‌ت.
سۆران عومه‌ر، لەسەر ئەم بابەتە وتی: "بانکەکان له ماوه‌ی شه‌ش ساڵدا 78 ملیار دۆلاریان سپی کردووه‌ته‌وه و بردوویانه‌ته ده‌ره‌وه بێ ئه‌وه‌ی که‌س بزانێت ئه‌م پارانه له کێوه و بۆ کێ چووه".
به‌ڵام نه‌وزه‌ر جاف، خاوه‌نی بانکی شیمال ره‌تیکرده‌وه بانکه‌که‌ی کێشه‌ی سپی کردنه‌وه‌ی پاره و بردنه ده‌ره‌وه‌ی پاره‌ی هه‌بووبێت، له‌و باره‌وه ده‌ڵێت: "ئێمه ماوه‌ی چه‌ند ساڵێکه بەشداری زیاد کردنی دراو نه‌بووین".