ئەنجومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەریی: پەلاماردانی مزگەوت ئاشتی کۆمەڵایەتی دەخاتە مەترسیەوە
  2023-04-28       617       


ئەنجومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەریی کوردستان سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر مزگەوتێک لە قەزای شەنگال دەکات و راشیدەگەیەنێت، پەلاماردانی مزگەوت سەرەتایەکی خراپە و ئاشتیی کۆمەڵایەتی دەخاتە مەترسییەوە و دەرگا بۆ توندوتیژی دەکاتەوە.

ئاوێنه‌: ئەنجومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەریی لەڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، "پەلاماردان و ھێرشکردنە سەر مزگەوت و ڕێگرتن لە نوێژخوێنان لە وڵاتی مسوڵماناندا گەورەترین تاوانە و قبوڵکراو نییە".

ئاماژەی بەوەشکردوە، "ئێمە لە کۆمەڵی دادگەریی بەتوندی دژی دەوەستینەوە، هەر لەو چوارچێوەیەدا نیگەرانیی خۆمان دەردەبڕین لەبەرانبەر ئەو هێرشەی لە شنگال کۆمەڵێک کەسی نابەرپرس لە ئێزیدییەکان کردویانەتە سەر حەرەمی مزگەوت و شێواندویانە".

ئەنجومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەریی دەشڵێت، "دیارە ئەو جۆرە کارانە پێشینەیان نەبوە، بۆیە ئێمە بە سەرەتایەکی خراپی دادەنێین کە ئاشتیی کۆمەڵایەتی دەخاتە مەترسییەوە و دەرگا بۆ توندوتیژی دەکاتەوە و جارێکی دیکە بارودۆخی ناوچەکە بەرەو ئاڵۆزی دەبات".

ئەوەشیخستۆتەڕو، "لەبەرانبەر ئەم ڕوداوە، ئەرکی دەزگا بەرپرسەکان و حکومەتی عێراقە تاوانباران سزا بدەن، بۆ ئەوەی لەژێر هیچ پاساوێکدا هیچ کەس زاتی ئەوە نەکات ڕەفتاری لەو شێوەیە دوبارە بکاتەوە".

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×