كەشناسی هەرێمی كوردستان پێشبینی دەكات ئەمڕۆ(شەممە)و سبەی(یەكشەممە) لەناوچەی جیاجیای هەرێم باران و هەورە تریشقە بێت و پلەكانی گەرماش بە چەند پلەیەك نزم ببنەوە.
ئاوێنە: بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی ھەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا وتی، ئەمڕۆ شەممە، ئاسمان هەوری تەواو دەبێت لە زۆربەی کاتەکاندا لەگەڵ بارینی باران لە هەندێ کات و شوێن و هەندێکجار هەوری تریشقەشی لەگەڵدایە.
ئاماژەی بەوەشداوە كە ئەمڕۆ پلەكانی گەرما بەراورد بە دوێنێ بە 1 تا 2 پلە نزم دەبنەوە.
بەپێی راگەیەندراوەكە، سبەی یەكشەممە، ئاسمان لەنێوان نیمچەهەور بۆ هەوری تەواو دەبێت لەگەڵ ئەگەری بارینی نمە باران لە ناوچە شاخاوییەکان.
ئەوەشی خستۆتەڕو، سبەی پلەکانی گەرما زیاتر دادەبەزن بەشێوەیەك كە لەچاو تۆمارکراوەكانی ئەمڕۆ بە 2 تا 4 پلە نزم دەبنەوە.
كەشناسی هەرێم پێشبینی كردوە بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ سبەی بەم جۆرە بن: ھەولێر: 26، سلێمانی: 25، دھۆک: 24، کەرکوک: 29، ھەڵەبجە: 25، سۆران: 24، گەرمیان: 34 پلە.