پۆلیسی سلێمانی، ئەمڕۆ شەممە، رایگەیاند، لەلایەن هێزەكانیانەوە تۆمەتبارێك دەستگیركرا كە بە ئۆتۆمبێل سێ هاوڵاتی شێلابو و هەڵاتبو.
ئاوێنە: بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی"دوای ئەوەی ڕوداوێك لە گەڕەكی هەواری شاری سلێمانی ڕویدا كە ئۆتۆمبێلێك سێ هاوڵاتی شێلابو و هەڵاتبو، دەستبەجێ هێزەكانی بنكەی پۆلیسی هەواری شار گەیشتنە شوێنی ڕوداوەكە و كەشف و هێڵكاری كراو بریندارەكان بۆ نەخۆشخانە گواسترانەوە."
ئەوەشی خستۆتەڕو"دوای گەڕان و بەدواداچونەكان توانرا لەگەڕەكی ڕزگاری لەشاری سلێمانی تۆمەتبار بدۆزرێتەوەو لەلایەن مەفرەزەكانی بەشی پۆلیسی فریاكەوتنی سلێمانییەوە دەستگیربكرێت و دەستیشبگیرێت بەسەر ئۆتۆمبێلەكەیدا."
پۆلیسی سلێمانی ئاماژەی بەوەداوە كە "لەئێستادا تۆمەتبار (گ. غ. أ.) بەبڕیاری بەڕێز دادوەر ڕاگیراوەو لەلایەن بنكەی پۆلیسی هەواری شارەوە پەڕاوی لێكۆڵینەوەی بۆ كراوەتەوە."