مەسعود بارزانی بۆ وەفدێكی هاوبەشی نوێنەرایەتی وڵاتان: پێویستە ئەمساڵ هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت
  2023-04-29       864       

مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی، ئەمڕۆ شەممە، لەمیانی پێشوازیدا لە وەفدێكی هاوبەشی نوێنەرایەتییەكانی وڵاتان لە هەولێر، رایگەیاند، "لەپێناو پاراستنی شەرعییەت و بەهاكانی دیموكراسی، پێویستە لە هەرێمی كوردستان ئەمساڵ هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت." سەبارەت بە بابەتی چۆنیەتیی بەشداریی پێكهاتەكانیش ڕایگەیاند "پێكهاتەكانی هەرێم خۆیان چ بڕیارێك بدەن ئێمە پشتیوانی ویستی ئەوان دەبین."

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی بارەگای بارزانی، ئەمڕۆ شەممە، لە سەڵاحەدین مەسعود بارزانی پێشوازی لە وەفدێكی هاوبەشی نوێنەرایەتییەكانی وڵاتان لە هەولێر كرد كە پێكهاتبون لە ڕۆزی كەیڤ، كونسوڵی گشتیی بریتانیاو جاكۆ بیرندس، كونسوڵی گشتیی هۆڵەنداو كلاوس ستریچێر، كونسوڵی گشتیی ئەڵمانیاو تۆكلید بیگ، بەرپرسی نوێنەرایەتیی یەكێتی ئەوروپا لەهەولێرو كاتریەن كرۆفت، بەرپرسی بەشی سیاسیی كونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، لە دیدارەكەدا بیروڕا لەبارەی دوایین پێشهاتە سیاسییەكان و پڕۆسەی سیاسیی هەرێمی كوردستان و هەڵبژاردنەكان ئاڵوگۆڕ كرا و وەفدی میوان "وێڕای دەستخۆشی لە دیاریكردنی وادەی بەڕێوەچونی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان، جەختیان لە بایەخی بەڕێوەچونی هەڵبژاردن و دەستگرتن بە بەها دیموكراتییەكان و پاراستن و بەهێزكردنی بنەماكانی شەرعییەت لە هەرێمی كوردستان كردەوە."

بەپێی راگەیەندراوەكە، لەدیدارەكەدا مەسعود بارزانی دوپاتیكردەوە كە "کوردستان لەسەروی هەمو بەرژەوەندییەکی ترەو لەپێناو پاراستنی شەرعییەت و بەهاكانی دیموكراسی، پێویستە لە هەرێمی كوردستاندا ئەمساڵ هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت."

وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، سەبارەت بە بابەتی چۆنیەتی بەشداریی پێكهاتەكانیش لە هەڵبژاردندا، مەسعود بارزانی ڕایگەیاند"پێكهاتەكانی هەرێم خۆیان چ بڕیارێك بدەن ئێمە پشتیوانی ویستی ئەوان دەبین."

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×