وەقفی سوننی عێراق: هیچ مزگەوتێك لەشنگال نەسوتێنراوە
  2023-04-29       552       
ئیسماعیل محەممەد، بەڕێوەبەری وەقفی سوننی عێراق لەقەزای شنگال


وەقفی سوننی عێراق بەمەبەستی بەدواداچون بۆ راستی روداوی سوتاندن و هێرشکردنە سەر مزگەوتی رەحمان لەشنگال، سەردانی مزگەوتەکەی کردو رایگەیاند، مزگەوته‌كه‌ نەسوتێنراوەو هیچ زیانێکی ماددیشی پێنەکەوتووە.

ئاوێنه‌: ئیسماعیل محەممەد، بەڕێوەبەری وەقفی سوننی عێراق لەقەزای شنگال لەبەردەم مزگەوتی رەحمان لەشنگال رایگەیاند، "لەسەر داوای مەشعان خەزرەجی، سەرۆکی دیوانی وەقفی سوننی بەدواداچونمان بۆ پرسی سوتاندن و هێرشکردنە سەر مزگەوتی رەحمان لەشنگال کردو بۆمان دەرکەوت، ئەو هەواڵانەی لەوبارەیەوە بڵاوکراونەتەوە دورن لەراستییەوە."

ناوبراو جەختی لەسەر پەیامی پاراستنی پێکەوەژیانی ئاشتیانەی سەرجەم پێکهاتەکانی شنگال کردەوەو داواشی لەهەمو لایەنەکان کرد کار بۆ دروستکردنی ناکۆکی لەنێوان پێکهاتەکان نەکەن و داوای گەڕانەوەی ئاوارەکانی شنگالیشی کرد بۆ ناوچەکانی خۆیان.

َچه‌ند ڕۆژێك له‌مه‌وبه‌رو دوای گەڕانەوەی نزیکەی 25 خێزانی عەرەبی سوننە بۆ قەزای شنگال، ژمارەیەک لە دانیشتووانی قەزاکە خۆپیشاندانێکی ناڕەزایەتییان ئەنجامداو بڕیاری گەڕانەوەی ئەو ئاوارانەیان لەلایەن وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراقەوە رەتکردەوەو بەهۆکاری ئەوەی "ئەو خێزانە عەرەبانە لەرابردودا هاوکاری چەکدارانی داعشیان کردووە لەکاتی داگیرکردنی شنگال".

دوای ئەو خۆپیشاندانەش، لەسۆشیال میدیاو بەشێک لەراگەیاندنەکان هەواڵی پەلاماردان و سووتاندنی مزگەوتی رەحمان لەشنگال بڵاوکرایەوەو ئەمەش ناڕەزایەتی بەدوای خۆیدا هێنا.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×